وەزارەتی تەندروستیی هەرێم نۆ تووشبووی دیکەی کۆرۆنای لە هەولێر راگەیاند
وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، نۆ کەسی دیکە لە هەولێر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، کە هەموویان بەرکەوتووی تووشبووانی پێشوون.
لە راگەیێندراوەکەی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە "لە بەردەوامی پشکنینەکان و گەڕان بەدوای گومانلێکراوان، نۆ تووشبووی نوێی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID-19 لە شاری هەولێر دەستنیشان +کران، کە شەش ئافرەت و سێ پیاون دانیشتووی گەڕەکەکانی (شێخ احمد، مامۆستایان، گوندی کۆری) هەموویان بەرکەوتەی تووشبووانی پێشوون،حەوت لەوان بەرکەوتەی تووشبووانی پرسەکانی ماتەمینی گەڕەکی کارێزانی شاری هەولێرن".
تاوەکو ئێستا لە هەولێر 168 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 29 کەس چاکبوونەتەوە و هیچ گیانلەدەستدانێکیش تۆمار نەکراوە.
لە هەرێمی کوردستانیش کۆی گشتیی تووشبووان بە کۆرۆنا گەیشتووەتە 324 تووشبوو، لەو ژمارەیەش 134 کەس چاکبوونەتەوە و 3 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانیش رایگەیاند، کەسێکی دیکەی تووشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی چاک بووەتەوە و کۆی گشتیی ئەوانەی چاکبوونەتەوە گەیشتووەتە 95 کەس.
دوکتۆر سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، تووشبوویەکی دیکەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە سلێمانی چاک بووەتەوە، دوای چاودێری و چارەسەر گەڕێندراوەتەوە نێو ماڵ و ژیانی ئاسایی خۆی.
بەپێی ئامارەکان، تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان 315 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 134 کەس چاکبوونەتەوە و سێ کەسیش گیانیان لەدەستداوە.