سەرۆکی عێراق و سەرۆکی ھەرێم لە سلێمانی کۆبوونەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i380808-سەرۆکی_عێراق_و_سەرۆکی_ھەرێم_لە_سلێمانی_کۆبوونەوە
سەرۆک کۆماری عیراق لە سلێمانی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەلومەرجی سیاسی و هەنگاوەکانی دوای پێکهێنانی حکوومەتی عیراق و پێویستیی چارەسەرکردنی قەیرانەکانیان تاوتوێ کرد و هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 11, 2020 14:35 Asia/Tehran
  • سەرۆکی عێراق و سەرۆکی ھەرێم لە سلێمانی کۆبوونەوە

سەرۆک کۆماری عیراق لە سلێمانی لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەلومەرجی سیاسی و هەنگاوەکانی دوای پێکهێنانی حکوومەتی عیراق و پێویستیی چارەسەرکردنی قەیرانەکانیان تاوتوێ کرد و هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی لە هەرێمی کوردستان کردەوە.

 

بە پێی ھەواڵێکی ماڵەڕی دەنگوباسی خەڵک ، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی کۆماری عیراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ،  ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 11-5-2020 لە سلێمانی بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عیراق لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە، باسیان لە پێشهاتە سیاسییەکانی عیراق کردووە و هەردوولا بە گرنگییەوە جەختیان لە پێویستیی چارەسەرکردنی قەیران و ناکۆکییەکان کردەوە بە ئاڕاستەی هێنانەکایەی ئارامی و ئاوڕدانەوە لە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانی سەرجەم ناوچەکان بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، بە بایەخەوە باس لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عیراق بە سەرۆکایەتیی مستەفا کازمی کراو و داکۆکییان لە پشتیوانی و هەماهەنگی لەگەڵ حکوو‌مەتی عێراق کردەوە بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەکان و کارکردن بۆ دابینکردنی گوزەران و تەندروستیی هاووڵاتیان ، لەپێناو تێکشکاندنی پاشماوەکانی تیرۆر و سەقامگیریی ئەمنی لە هەموو ناوچەکانی عیراقدا، وێڕای چارەسەرکردنی کێشە کەڵەکەبووەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان بە ‌گوێرەی دەستوور، بەتایبەتیش یەکلاکردنەوەی پرسی بودجە و مووچەی فەرانبەران.

هەر لەو دیدارەدا باس لە پێویستیی یەکڕیزی و خاوکردنەوەی گرژییەکان لە عیراق کرا بە شێوەیەک کە هەموو هێز و تواناکان بۆ دەستەبەرکردنی ئارامی و بژێویی خەڵک و ئەنجامدانی چاکسازیی بنەڕەتی تەرخان بکرێن و لەبری ناکۆکی و ململانێی تەسک، بەگوێرەی دەستوور خزمەتی خەڵک و داخوازیەکانیان بکرێت.

لە ‌تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا هەردوولا جەختیان لە یەکڕیزی و تەبایی لە هەرێمی کوردستان کردەوە، بە جۆرێک هەموو لایەنەکان دوور لە گرژی و ئاڵۆزی، تواناکانیان بۆ بەدەنگەوەهاتنی پێویستیی هاووڵاتیان و دابینکردنی بژێویان و سەقامگیریی سیاسی و ئەمنی، تەرخان بکەن.