فەرمانی رادەست کرانی دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق بە حکومەتی ناوەندیی
لەدوای بڵاوبوونەوەی ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لەبارەی قاچاخی نەوت لە کۆمپانیای نەوتی باکوور، سەرۆک وەزیرانی عێراق، فەرمانی ڕادەست کرانی دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان بە حکومەتی ناوەندی و لەسەر دەسەڵات لابرانی ژمارێک بەرپرسی باڵای ئەمنیی و کارگێریی، دەرکرد.
سەباع نوعمان گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند کە بەپێی فەرمانەکانی سەرۆک وەزیران، دەستەی دەروازە سنووریەکانی عێراق ئەرکمەند کراوە بەوەی کۆنترۆڵی هەموو دەروازە سنووریەکانی هەرێمی کوردستان، وەربگرێت. هەروەها دەرکرانی مۆڵەتی هەناردەکرانی نەوتی خاو و بەرووبوومە نەوتییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، تەنیا لەڕێی وەزارەتی نەوتی حکومەتی ناوەندییەوە مومکین دەبێت.
زەیدی هەروەها فەرمانی بە وەزارەتی نەوت کردووە، بەڕێوەبردنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی سەر بە وەزارەتەکە لە سنووری ئیداریی پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین، نەینەوا بگرێتە ئەستۆ کە لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی هەرێمی کوردستاندان .
بەگوێرەی ئەو بەیاننامە، سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرمانی لەسەردەسەڵات لابرانی عومەر وائیلی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک و فەرماندەی پۆلیسی ئەو پارێزگایە و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی ئەمنی و جێبەجێکاری دەرکردووە. بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانیشی هەتا کۆتایی هاتنی لێکۆڵینەوەکانی دەستەی دەستپاکی عێراق (دەزگەی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) لەکارەکەیان هەڵدەپەسێردرێن.
زەیدی هەروەها فەرمانی داخستنی سەرجەم دەروازە نافەرمییەکانی نێوان عێراق و وڵاتانی دراوسێ لەوان، دەروازەکانی هەڵکەوتوو لە هەرێمی کوردستان و داخستنی ڕێگا نافەرمییەکانی نێوان هەرێم و پارێزگاکانی کەرکوک، دیالە، سەڵاحەدین و نەینەوای دەرکردووە.
پۆلیسی وزەی عێراقیش ئەرکی دابینکردنی ئاسایش و چاودێریکردنی سەرجەم کێڵگە نەوتییەکانی پێ سپێردراوە، لەوانە ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە سنووری ئیداریی حکوومەتی ناوەندیدا هەڵکەوتوون و لەژێر کۆنترۆڵی ئەمنیی هەرێمی کوردستاندان. سەرۆکوەزیرانی عێراق وێڕای فەرمانی ڕەوانەکردنی سەرپێچییە دەستنیشانکراوەکان بۆ دەسەڵاتی دادوەری، ئەرکی تاووتوێی گرێبەستەکانی فرۆشتنی بەرهەمە نەوتییەکان و بڕی نەوتی خاوی گەیەندراو بە پاڵاوگەکانی بازیان و کار و حاڵەتەکانی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و دیاریکردنی قەبارەی بەرهەمە نەوتییەکانی هەناردەکراو لەڕێگەی دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بە دەستەی دەستپاکی سپێردراوە.
دانانی سیستمی دیجیتاڵی نیشتمانی بۆ چاودێریکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی نەوت و ئاشکراکردنی قاچاخچێتی، دانانی پێوەری ئەلیکترۆنی لەسەر، سەرجەم بیرە نەوتییە چالاکەکان، و دروستکردنی تاقیگەی پرۆفشناڵ لە بازگەکانی پشکنینی چوونە ژوورەوەی هەولێر و سلێمانی و دهۆک لە فەرمانەکانی دیکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقن.
وەزارەتی پیشەسازی و کانگاکانی عێراقیش ئەرکی گواستنەوەی کارگەکانی بەرهەمهێنانی قیرتاوی ئۆکسیدەکراو و نەفتای لەو چوار پارێزگایە کە لەدەرەوەی کۆنترۆڵی ئەمنی حکومەتی ناوەندیدان، بۆ ناوچەکانی دیکە پێ سپێردراوە لە ماوەی شەش مانگدا .
سەرۆکوەزیرانی عێراق بە جەختکردنەوە لەسەر دابەشنەکرانی سەروەریی نیشتمانیی عێراق، پاراستنی سامانی وڵاتەکەی بە هەوڵێکی گرنگ وەسف کرد و جەختی لەسەر پێویستی کۆتاییهێنان بە هەموو جۆرەکانی قاچاخچێتی نەوت کردەوە.