May 29, 2020 13:50 Asia/Tehran
  • ڕێگریی جەماوەری سووریا لە پەڕینەوەی کاروانێکی سەربازیی ئەمریکا لە پارێزگای حەسەکە

دانیشتووانی دوو گوندی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا کاروانێکی سەربازیی ئەمریکایان کە بە تەمابوو لەم ناوچەیە بپەڕێتەوە، پاشگەز کردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ھەواڵدەریی فەرمیی سووریا(سانا) خەڵکی گوندەکانی «ئەلقاھرە»و«ئەلدەشیشە» لە«تەل تەمەر»ی سەربە پارێزگای «حەسەکە»ی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا ڕۆژی پێنج شەممە بە ھاویشتنی بەردو ھەڵدانی دروشم ڕێیان لە پەڕینەوەی ترۆمبیلە ئەمریکییەکان گرت.

ڕۆژی چوارشەممەش ھێزەکانی سوپای سووریا کە لە ناوچەی «تەل تەمەر» جێگیرن ھەر بە ھەنگاوێکی ھاوشێوەی خەڵک ڕێگر بوون لە بەردەم پەڕینەوەی کاروانێکی لەشکریانی ئەمریکی.

ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بە بیانوی خەباتی دژی تاقمە تیرۆریستییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی و بە بێ مۆڵەتی دەوڵەتی سووریا ھێزەکانیان لەم وڵاتەدا مۆڵ داوە.

دیمەشق گەلێک جار ڕایگەیاندووە کە، ھەنگاوەکانی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی لە سووریا بەواتی داگیرکارییە.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە، کەناڵی «ئەلئەخبارییە»ش لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، ھێزەکانی تورکیا بۆ تاڵان و بڕۆی بەروبووی کشت و کاڵی باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا دەیان کامپاینیان ھێناوەتە ئەم وڵاتەو ھەڕەشە لە جوتیاران دەکەن کە ئەگەر بێتو پێملی فەرمانەکانیان نەبن، مەزراو بەرھەمەکانیان دەسووتێنن.

سوپای تورکیاش ھەر بە بیانوی خەباتی دژی  تیرۆریستان بەشێک لە ناوچەکانی باکووری سووریای داگیرکردووەو کۆمەڵێک لە لەشکریانی خۆی لەم ناوچانەدا مۆڵ داوە. داگیرکارییەکانی تورکیا لە باکووری سووریاو داکۆکی کردنی لە بڕێک لە تاقمە تیرۆریستەکان لەگەڵ ئیدانەکردنی بەربڵاوی نێونەتەوەیی دا بەرەوڕوو بووەتەوە.

 

سەرپەیڤ