میدحەت سەنجەر: پرۆسەی ئاشتی زیاتر لە هەر شتێک پێویستی بە متمانەیە
میدحەت سەنجەر، نوێنەری دەم پارتی، لە دیدارەکانی خۆیدا لە وڵاتی سویسڕا جەختی کردەوە کە بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی، پێویستی بە پێکهێنانی متمانە لە نێوان لایەنەکاندا هەیە و حکومەتی تورکیا دەبێ ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەیەکی یاسایی و لەسەر بنەمای دەستوور بەرەوپێش ببات.
میدحەت سەنجەر، ئەندامی شاندی ئیمرالی و نوێنەری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (ناسراو بە دەم پارتی) کە سەردانی سویسڕای کردووە، لە پەنێلێکدا بە تەوەرەی دوایین ڕووداوەکانی تورکیا و بارودۆخی "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیمۆکراتیک" ، وتی: "بە گشتی ئێمە پێویستمان بە متمانەیە، کاتێک باسی پرۆسەی ئاشتی دەکرێ، دەبێ متمانەیەکیش لە ئارادا بێ، بەڵام لەم بوارەدا کەموکوڕی زۆر دەبینرێ کە دەبێ بە خێرایی ئەو کەموکوڕییانە نەمێنن". نوێنەری دەم پارتی بە ئاماژە بە ڕووداو و گۆڕانکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش وتی: "ئەم ڕووداوانە زیاتر لە هەموو شتێک گرنگایەتیی پرۆسەی ئاشتی دەردەخەن، حکومەتی تورکیاش دەبێ ئەم پرۆسەیە لە چوارچێوەی یاساییدا و لەسەر بنەمای یاسای بنەڕەتی بباتە پێشەوە و ڕێگاچارە بۆ کێشە و گرفتەکانی بەردەم بدۆزێتەوە".