پێداگریی وتەبێژی موگرینی لە سەر پێبەندیی یەکێتیی ئەورووپا بە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی
https://kurdish.sahartv.ir/news/جیهان-i344454-پێداگریی_وتەبێژی_موگرینی_لە_سەر_پێبەندیی_یەکێتیی_ئەورووپا_بە_پاراستنی_ڕێککەوتنی_ئەتۆمی
وتەبێژی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی کرد لە سەر پێبەند بوونی بروکسێل بە جێبەجێ کرانی تۆکمە و تەواو و کاریگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 03, 2018 09:53 Asia/Tehran
  • پێداگریی وتەبێژی موگرینی لە سەر پێبەندیی یەکێتیی ئەورووپا بە پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی

وتەبێژی ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، جەختی کرد لە سەر پێبەند بوونی بروکسێل بە جێبەجێ کرانی تۆکمە و تەواو و کاریگەری ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران و وڵاتانی پێنج کۆ یەک.

بە پێی راپۆرتی هەواڵدەریی کوەیت؛ "مایا کوچیانچیک" وتەبێژی "فدریکا موگرینی" ڕێکخەری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەورووپا، ڕۆژی دووشەممە لە کۆبوونەوەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاشکاوانە ڕایگەیاند: ئەورووپا پێبەندە بە جێبەجێ کرانی تۆکمە و تەواوی ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران، لەبەر ئەوەی کە ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ئاراستەی قازانج و بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئەورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدایە.

"کوچیانچیک" وتیشی: یەکێتیی ئەورووپا و هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان هەنگاوی زۆریان هەڵگرتووە لە پێناو پاراستنی ڕێککەوتنی ئەتۆمی و بەردەوام بوونی ڕەوتی جێبەجێ کرانی.

پاش ئەوەی "دۆناڵد ترەمپ"ی سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەشتەمی مانگی مەیی ٢٠١٨ رایگەیاند کە لە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی نێوان ئێران  و وڵاتانی پێنج کۆ یەک (ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، ڕووسیا، چین و ئەڵمان) چۆتە دەرەوە و دوابەدوای ئەوە وڵاتانی ئەورووپایی داوای پاراستنی ئەو ڕێککەوتنەیان کرد، ئێران دەرفەتێکی بەرتەسکی داوە بە ئەورووپاییەکان بۆ ئەوەی بە کردەوە ئەوە بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەرەنتی بکەن کە کاتی گەرانەوەی بایکۆتەکانی ئەمریکا، قازانج و سوودەکانی ئێران لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی پارێزراو بێ.