وشداریدانی مۆسکۆ بە رژیمی ئیسرائیل پاش تێکشکێندرانی فڕۆکەی ڕووسی لەسەر ئاسمانی سوریا
پاش تێکشکێندرانی فڕۆکەیەکی ڕووسی لەسەر ئاسمانی سوریا لەڕەوتی هێرشی رژیمی زایۆنی، وەزیری بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ مافی وەڵام دانەوە بە تەلەبیب بۆ خۆی بە پارێزراو دەزانێ.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی فەڕانسە، "سێرگئی شۆیگۆ" وەزیری بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ سێ شەممە وشداریی دا بە "ئاویگدۆر لیبرمەن"ی وەزیری جەنگی ڕژیمی زایۆنی، کە مۆسکۆ، تەلەبیب بەتەواوەتی بە بەرپرس دەزانێ لەمەڕ مردنی پانزە سەربازی ڕووسی .
ئەنجومەنی فدراڵی ڕووسیا وێڕای پێداگریی لەسەرپێویستیی خۆبواردنی رژیمی زایۆنی لە کردەی دنەدەرانە، پێی داگرت؛ دەبێ سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوریا نۆژەن بکرێتەوە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ئەمڕۆ سێ شەممە ڕایگەیاند، فڕۆکەیەکی سەربازیی ئیلوشین-٢٠ ی ئەو وڵاتە بە پانزە سەرنشینەوە لەنزیک پێگەی ئاسمانیی حەمیمیم لەپارێزگای لازقییە لەباکووری رۆژاوای سوریا لە سەفحەی ڕادار ونبووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا بەڕاگەیاندنی ئەوەی کە فڕۆکە ونبووەکەی ئەو وڵاتە لەکاتی هێرشی هێزەکانی رژیمی زایۆنی بۆسەر لازقییە لەکاردانەوە بە سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوریا تێکشکێندراوە، پێی داگرت: فڕۆکەوانانی زایۆنی لە فڕۆکەی ڕووسی وەک قەڵغان کەڵکیان وەرگرتووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، مۆسکۆ ئەو کردانەی رژیمی زایۆنی بە نابەرپرسانە، لەئەنقەست و دوژمنکارانە دەزانێ و بەلەبەرچاو گرتنی کوژرانی پانزە چەکداری ڕووسی، مۆسکۆ بۆی هەیە کاردانەوە پێشان بدات بەو کردەیەی ڕژیمی ئیسرائیل.