دەست بە کار بوونی کونسولخانەی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەسرە
ڕۆژی سێ شەممە لە ئاھەنگێکدا کونسولخانەی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەسرە چالاکییەکانی خۆی دەست پێ کردەوە.
ئاھەنگی کرانەوەى کونسوڵخانەى تازەی ئێران لە بەسرە بە سەرپەرشتى باڵیۆزى کۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەغدا بەڕێوەچوو.
بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر ڕۆژی سێ شەممە لە بەسرەی باشووری عێراق لە ئاھەنگێکدا کونسولخانەی تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرپەرشتى ئیرەج مەسجدیى باڵیۆزى لە بەغدا کرایەوە.
ئیرەج مەسجدیى باڵیۆزى باڵیۆزى کۆماری ئیسلامیی ئێران لە عێراق لە ئاھەنگی کردنەوەى کونسوڵخانەى تازەی وڵاتەکەى لە بەسرە ڕایگەیاند: "ڕۆژى هەینىی ڕابردوو هەندێ خۆپیشاندەرى فریودراو هێرشیان کردە سەر کونسوڵخانەى وڵاتەکەمان لە بەسرە بەمەبەستى تێکدانى پەیوەندییەکانى برایانەی و لەمێژینەی نێوان تاران و بەغدا".
مەسجدى ئاماژەى بەوەش کرد کە "خاڵى هاوبەشى زۆر هەن کە هەردووک وڵاتی دۆست و برای ئێران و عێراق پێکەوە دەبەستێتەوە و دیارە ئەمەش ھەر ئەو بابەتەیە کە مایەی پێ خۆشبوونی ھێندێک لە لایەنە ناوچەیی و تێکدەرەکان نییە.
ناوبراو جەختیشی کرد: گومان لەوەدا نییە کە ئەو کارە تێکدەرانانە کە دوژمنانى هەردووک وڵات ئەنجامى دەدەن، کاریگەرى لەسەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانى نێوان ئەم دوو وڵات دانانێت".
ئەسعەد ئەلعیدانى پارێزگارى بەسرەش لەم ئاھەنگەدا ڕایگەیاند: کرانەوەى کونسوڵخانەى تازەی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەو ماوە کەمەدا ئاماژەیەکە لەسەر خاڵە هاوبەش و پەیوەندییە بەهێزەکانى نێوان هەردووک لا".
جێگای ئاماژەیە شەوی هەینیی ڕابردوو تاقمێک لە ئاژاوەگێڕان بە بیانووی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە دۆخی نالەباری خزمەت گەیاندن و کەمتەرخەمیی کاربەدەستانی عێراقی لە ھەمبەر گرفتەکانی شاری بەسرەی عێراق، ھەڵیانکوتایە سەر کۆنسولخانەی کۆماری ئیسلامیی ئێڕان لەم شارەو سووتاندیان . وەزارەتى دەرەوەى عێراق و کۆمەڵێک لە کەسایەتییە دەوڵەتی و نادەوڵەتییەکانی ئەم وڵاتەش دەستبەجێ ئیدانەى ئەو کارەیان کرد و ڕایانگەیاند کە هەندێک لە ئاژاوەگێڕان بە خۆ تێکەڵ کردنیان لەنێو خۆپیشاندەرانی ڕاستەقینەو بە مەبەستی بە لاڕێ دا بردنی داخوازییە ڕەواکانی جەماوەری ناڕازی ئەو کارەیان کردووە کە دیارە ئەوەش زیان بە پەیوەندییەکانى نێوان عێراق و وڵاتانى جیهان دەگەیەنێت.