سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێوەندی بە کوردەوە هەیە
سەرۆکی فراکسیۆنی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا جارێکی دیکە جەختی کرد کە پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار پێوەندی بە کوردەوە هەیە و ئێمە کارمانی پێی نیە و ڕێز بۆ بڕیاری پارتە کوردستانییەکان دادەنێین.
بە پێی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر، عەتوان عەتوانی، لە بەیاننامەیەک دا ڕایگەیاند: چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە سەرەتای قەیرانی سیاسی عێراقەوە ڕوانگەیەکی یەکسانی هەمبەر پارتەکانی دیکە و هەروەها ڕێسای سیاسی بۆ پێکهێنانی حکومەت ھەبووە، ئەویش بە پێچەوانەی هەوڵی هەندێک لایەن بۆ تێکدانی یەکسانییەکان و هەروەها ناوماڵی شیعی.
عەتوانی گوتیشی : پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری پرسێکی کوردستانییە و ئێمە هەرگیز تێیدا دەستێوەردان ناکەین و ڕێز بۆ ئەو بڕیارە دادەنێین کە براکانمان لە دوو پارتی یەکێتی و پارتی دەیدەن.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە ئەگەر دوو پارتەکە پێکەوە ڕێکنەکەون باشترین ڕێگاچارە، چوونیان بۆ پەرلەمان بۆ چوونە دەر لە چەقبەستوویی سیاسی ئێستایە،لە قسەکانی شاخەوان عەبدوڵڵا لەسەر ئەوەی کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵ دەدات بۆ دروست کردنی کێشە لە ناوماڵی کورد، ڕەخنەی گرت وڕەتی کردەوە.