کۆنترۆڵی ئابووری هەرێم لەلایەن بەغدا و هەڵوێستی فراکسیۆنەکانی کوردی پەرلەمانی ئێراق
داواکاری هەندێ فراکسیۆنی کوردی پەرلەمانی ئێراق بۆ ئەوەی بەغدا کۆنترۆڵی ئابووریی هەرێمی بە مەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی مووچەی فەرمانبەران و مووچەوەگرەکان بگرێتە دەستی خۆی ، بەرەوڕووی کاردانەوەی بەربڵاو و جیاواز بووەوە.
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا ، فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان هاوڕێ لەگەڵ ژومارێکی تر لە نوێنەرانی کوردی پەرلەمانی ئێراق هەوڵیان دا بۆ چارەسەرکردنی پرسی مافی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم. فەرمانبەرانێک کە دوو ساڵی ڕابردوو مووچەیان لە لایەن بەغداوە پچڕاوە و دەوڵەتی هەرێمیش بێ توانایە لە دانی .
لەم پێناوەدا گۆڕان هەوڵ دەدات بۆ گونجاندنی ماددەی یاسایی نوێ لە پڕۆژە بڕیاری بودجەی 2017 ی ئێراق کە بەپێی ئەم خاڵە یاساییە نوێیە، ئەگەر حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئێراق لەسەر پرسی نەوت و بودجە و مووچەی فەرمانبەران ڕێک نەکەوتن یان حکومەتی هەرێم نەیتوانی مووچەی فەرمانبەرانی بدات، دەوڵەتی ئێراق دەتوانێ کۆنترۆڵی ئابووری پارێزگەکانی هەرێمی کوردستانیش وەک پارێزگەکانی دیکەی وڵات بەشێوەی ڕاستەوخۆ بە دەستەوە بگرێت .
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی ئێراق وەها پێشنیارێکی بە دوژمنایەتی ئاشکرا بەرامبەر بە مافی یاسایی خەڵکی هەرێم و خەیانەت بە هەرێم زانی .
مەحموود ڕەزا لە ئەندامانی فراکسیونی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی ئێراق بە بڵاو کردنەوەی بابەتگەلێک لە فەیس بووک پێداگری کرد : ئەم کارە سنووردارکردن و بەرتەسکی نانەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتدارانی هەرێم و هەوڵدان بۆ دابین کردنی مووچەی فەرمانبەران و خەڵکی هەرێمی کوردستانە.
هەرلەم حاڵەدا بەختیار شاوەیس نوێنەری یەکێتی لە پەرلەمانی ئێراق ئەم کارەی بە ئەرکی نوێنەران بەمەبەستی چارەسەرکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم زانیوە و وتی کە یەکێک لە ڕێگەچارەکانی ئەم گرفتە ئەمەیە کە داهاتی پارێزگەی سلێمانی ڕادەستی بەغدا بکرێت و ئەم پارێزگەیە پشکی بودجەی خۆی بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەبەغدا وەرگرێ و وەها هەوڵێکیش یاساییە و بەهیچ لەونێک خەیانەت نایێتە ئەژمار .
موسەنا ئەمین سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی ئێراق لە پرێس کۆنفرانسێک دا پێداگری کرد کە یەکگرتوو بۆ چارەسەرکردنی گرفتی ئابووری و ژیانی خەڵکی هەرێم هیچ هێڵی سوورێکی نەبووە و لەگەڵ گەڵاڵە بە بایخەکانیش نەیارەتی ناکات.
زانا ڕۆستایی نوێنەری کۆمەڵی ئیسلامی لەمبارەوە وتی کە بەغدا ئێستاکە لە زۆربەی بەشەکانی کشت و کاڵ و تەندوروستی و دەرمان لەگەڵ پارێزگەکانی هەرێمی کوردستان پێوەندی هەبووە و دەتوانێ هەربەم شێوەیە ڕێگەیەکیش بۆ چارەسەکردنی گرفتەکانی ئابووری بدۆزێتەوە بە چەشنێک کە بنپێکردنی یاسای فیدرڵی ئێراق و ئەستۆگرییەکانی دەوڵەتی هەرێم نەیێتە ئەژمار.