هەڕەشەو گوڕەشەی بارزانی لە بارەی جیا بوونەوەی هەولێر لە عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i264328-هەڕەشەو_گوڕەشەی_بارزانی_لە_بارەی_جیا_بوونەوەی_هەولێر_لە_عێراق
سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی کە ڕزگاری دەکات ناکشێتەوە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی دووه‌م 16, 2016 17:53 Asia/Tehran
  • هەڕەشەو گوڕەشەی بارزانی لە بارەی جیا بوونەوەی هەولێر لە عێراق

سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی کە ڕزگاری دەکات ناکشێتەوە.

مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند:لە هەڵمەتی ڕزگار کردنی موسڵ ، هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەی کە لەژێر ڕکێفی تاقمی تیرۆریستی داعش ڕزگاری دەکات ناکشێتەوە.

بارزانی هەروەها بانگەشەی کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە گەڵ ئەمریکادا لە سەر ئەوە ڕێک کەوتووە کە لەو ناوچانەی کە لە ژێر ڕکێفی داعش ڕزگاری دەکەن نەکشێتەوە. ناوبراو لە ناوچەی باشیک لە نێو ئاپۆڕەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ڕایگەیاند: باسی دابڕانی کوردستان لە عێراق لەو ئەولەوییەتانەی کاربەدەستانی ئەم ناوچەیەیە.

ئەمە بۆ چەندەمین جارە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق هەڕەشەی بەڕێوە بردنی کۆپرسی لە بارەی سەربەخۆیی کوردستان و دابڕانی ئەم ناوچەیە لە عێراق ، لە دەوڵەتی ناوەندیی ئەم وڵاتە دەکات.

مەسعود بارزانی وای بۆ دەچێ کە سەربەخۆیی کوردستانی عێراق تاکە ڕێگای کوردەکانی ئەم وڵاتەیە لە ئاراستەی گەشەو بنیات نانەوەی هەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە ئەم ناوچەیە هەل و مەرج و ژێرخانی پێویست و بنەمایی لەوانە حەشیمەت و ئابوورییەکی بەهێزو جێی بڕوای بۆ سەربەخۆیی نییە.

جیا لەمە، بنیات نانەوەی ناوچەی کوردستانی عێراق و هەبوونی بنەمایەکی دیموکراسیانە هەلی پێویست بۆ جیا بوونەوە ناڕەخسێنێ. پێداگریی مەسعود بارزانی لە سەر سەربەخۆیی و دابڕانی کوردستان لە عێراق بنەمایەکی لۆژیکانەی نییە. تلقمی تیرۆریستی داعش دوژمنی هاوبەشی تەواوی عێراقییەکانەو بەس بە یەکگرتن و هاوبیروڕایی هەلی لەنێو بردنی ئەم تاقمە تیرۆریستە لە عێراق دا دەڕەخسێ. دیارە یەکگرتنی تەواوی تاقم و لایەنەکان لە سای عێراقێکی یەکگرتوو تاکە ڕێگای گونجاوی پەڕینەوەی ئەم وڵاتە لە گرفت و تەنگژەکانی ئێستاو دەستەبەر کردنی بنیات نانەوەیەو بێ گومان هێنرانە ئارای باسی سەربەخۆیی و یاخود دابڕان لە دەوڵەتی ناوەندی بەس بە قازانجی دوژمنانی چینە جۆربەجۆرەکانی عێراق و بە تایبەت کوردەکانی ئەم وڵاتەیە.

دوژمنانی عێراق لە هەڵمەتی ڕزگار کردنی موسڵ لە ژێر ڕکێفی داعش ئەوەیان نیشان دا کە حەز بە سەروەریی ئەم وڵاتە ناکەن و دابەشکرانی عێراق ئامانجێکی شاراوەی دوژمنانە لە پاڵ هەڵوێستەکانی ڕووکەشانەیان لە بارەی لایەنگری و پشتیوانی کردن لە عێراقێکی یەکگرتوو.

پێداگرییەکانی بارزانی لە سەر سەربەخۆیی و لایەنگری کردن لە چاکسازی لەم قۆناغەدا، لە حاڵێکدایە کە تەنانەت لایەن و پارتە کوردییەکانیش گەلێک جار وێڕای ڕەخنە گرتن لە دەستەڵات خوازییەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سیاسەتە هەڵەکانی بارزانی بە تایبەت لە بواری ئابووری و بەڕێوەبەرایەتی کردن دا بە هۆکاری سەرەکیی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری و پەرەسەندنی مانگرتنی هەمەلایەنە لەم ناوچەیە دەزانن و دژایەتیی خۆیانیان لەگەڵ دابڕانی ئەم ناوچەیە لە عێراق ڕاگەیاندووە.

چوار پارتی یەکگرتوی ئیسلامی، کۆمەڵی ئیسلامی، بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتیمانیی کوردستانی عێراق ، نەیاری سیاسەتەکانی یەک لایەنەی بارزانین. زۆرینەی خەڵک و بەرپرسانی عێراقی لەم بوارەدا هاوبیروڕان کە عێراقێکی یەکدەست و یەکگرتوو، دەستەبەری پووچەڵ بوونەوەی پیلان جۆربەجۆرەکانی دژی ئەم وڵاتە دەکات. بە پێی یاسای بنەڕەتی، عێراق وڵاتێکی فیدراڵ و دیموکراتیکە و ئەم یاسایە گەرەنتیی یەکگرتووی عێراق دەکات.

بەسەرنجدانی کەمتەرخەمی و ناشارەزایی کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەمەڕ بەڕێوە بردنی ئەم ناوچەیە، ئێستاکە ئەم پرسیارە دێتە ئاراوە کە لە بارودۆخێکدا وا حکومەتی خۆجێیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بەر بەڕێوەبەرایەتییە لاوازەکەی ناتوانێ موچەی کارمەندەکانیشی بدات، دەسا چلۆن دەیهەوێ سەربەخۆ ببێت؟ کەوا بوو وا دەردەکەوێ کە ڕادەبڕینێکی لەم چەشنە بەس هەڵخڕاندنێکە لە لایەن ئەو وڵاتانەوە کە بە نیازی دابەش کردنی عێراقن.

بەگشتی پێداگریی کۆمەڵێک لە بەرپرسانی هەرێمی کوردستان  لە سەر بەربەرەکانێی دژی دەوڵەتی عێراق ، دەبڕی ئەم ڕاستییەیە کە کاربەدەستانی ئەم ناوچەیە بەو جۆرەی کە پێویستە لە هەل و مەرج و هەستیارییەکانی ناوچەکە تێ ناگەن و لە وەها بارودۆخێکیش دا ئەمە کوردەکانی عێراقن کە  زیاتر لە هەمووان  تووشی زیان و تەنگژە دەبن.