نووسینگەی نوێنەرایەتی کەنەدا له هەولێر دەکرێتەوە
سەرۆکی ژووری بازرگانی هەولێر باسی هەڵمەتی وڵاتی کەنەدای کرد بۆ کردنەوەی نووسینگەی نوێنەرایەتی له شاری هەولێر.
به پێی هەواڵی کوردپرێس به گێڕانەوه له ماڵپەڕی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستان، دارا جەلیل خەیات سەرۆکی ژووری بازرگانیی هەولێر له لێدوانێکدا بۆ بنکەی هەواڵدەریی ئازاد ڕایگەیاندووه که وڵاتی کەنەدا به ئامانجی بەرەو پێشخستنی پەیوەندییەکان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان، نووسینگەی نوێنەرایەتی خۆی له شاری هەولێر کردووەتەوه.
ناوبراو ئەوەشی نەشاردەوه که له یەکەم هەڵمەتی کەنەدا، پاڤێڵ گاریا وەک نوێنەری ئەم وڵاته له شاری هەولێر جێگیر کرا و وتووێژ لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیداری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووه.
دەوڵەتی کەنەدا پاش هێرشی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان هاوکارییه دارایی و سەربازییەکانی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان دەست پێکرد و گەلێ هێزی سەربازی ئەم وڵاتە به مەبەستی مەشق پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگه و ئاراسته کردنی هاوکاری ڕاوێژکاریی له نێوخۆی هەریم کوردستانن.