نوێنەرێکی پەرلەمانی کوردستان: لە بوونی بەندیخانەی نهێنی لە هەرێم دا دڵنیاین
چوارسەد کەس لە هەرێمی کوردستان دا بێ سەروشوێنن.
بە پێی ڕاپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە ڕادیۆ نەوا،بێستون فایق نوێنەری گۆڕان لە پەرلەمانی هەرێم وێڕای دڵنیایی دەربڕین لە بوونی بەندیخانەی نهێنی لە هەرێمی کوردستانی عێراق و ڕاگرتنی نایاسایی خەڵک لەم بەندیخانانەدا، باسی بێ سەروشوێن بوونی چوارسەد کەسی کردووە لە هەرێم دا.
ناوبراو جەختی کردووە کە: بەرلە داخرانی پەرلەمان لانیکەم چوارسەدا سکاڵا لە لایەن شارومەندانی هەرێمی کوردستانەوە لە بارەی بێ سەروشوێن بوونی خەڵک ڕەوانەی پەرلەمان کرابوو و کەس و کاری بێ سەروشوێن بووان داوایان لە پەرلەمان کرد کە بۆ بەدەست هێنانی زانیاری لە بارەی چارەنووسی بێ سەروشوێن بووان بەدواداچوونیان بۆ بکەن.
ناوبراو وتیشی: بەو بەدواداچوونانەی کە کراوە بەو ئەنجامە گەییشتووین کە کەسانی بێ سەروشوێن لە هیچکام لە بەندیخانە ئاساییەکانی هەرێمی کوردستان دا نین.
بێستون فایق ڕاشیگەیاندووە: نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ کۆمەڵێک لەوانەی وا بە شێوەی نایاسایی لە بەندیخانە نهێنییەکانی هەرێمی کوردستان دا ڕاگیراون و پاشان ئازاد کراون،دیداریان کردووە و ئەوەیان پشتڕاست کردوەتەوە کە لە هەرێمی کوردستان دا بەندیخانەی نهێنی بوونی هەیە و کەسانێک کە دادگە پێشتڕ حوکمی بۆ دەر نەکردوون لەو بەندیخانانەدا ڕادەگیردرێن.