پێنج فراکسیونی پەرلەمانی کوردستانی عێراق داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن
پێنج فراکسیونی پەرلەمانی کوردستانی عێراق داوای کاراکردنەوەی پەرلەمان دەکەن و هۆشداریش دەدەن لە بارودۆخی سیاسی و دیموکراسی لە هەرێمدا.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە NRT، فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامی و بەرەی تورکمانی و سۆسیالیست و شیوعی و ئاڕاستەی سێیەم کە هەریەکە و خاوەنى کورسییەکن لە پەرلەمانى کوردستاندا لە پانێڵێکدا هاوڕابوون کە پێنج حزبەکە هۆکارى کێشەکانى ئێستان.
باپیر کامەلا سەرۆکی فراکسیۆنی ئاڕاستەی سێییەم قەیرانەکانى ئێستا دەگێڕێتەوە بۆ پێش پەکخستنى پەرلەمانى کوردستان و دەڵێت: هۆکارەکەى کەڵەکەبوونى قەیرانەکانى ئەو سەردەمەیە کە هەرێمى کوردستان نیوە بە نیوە لەلایەن دوو حزبەوە بەڕێوەدەبرا.
هەرچەندە ئێستا کۆبوونەوەکان دەستیان پێکردووەتەوە بۆ کاراکردنەوەى پەرلەمان، بەڵام ئەو فراکسیۆنانە دەڵێن، ئەگەر حیزبەکان پەلە لە چارەسەرکردنی کێشەکان نەکەن ئەوە ڕووبەڕووی بەرپرسیاریەتێکی گەورە دەبنەوە.
زیاتر لە ساڵێک و سێ مانگ بەسەر پەکخستنی پەرلەماندا تێپەڕبووە و ئێستا نزیکەی ٧ مانگ لە تەمەنى ئەم خولەی پەرلەمان ماوە، بەڵام تائیستا لایەنەکان ڕێکنەکەوتوون لەسەر کاراکردنەوەى.