ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەنەکە: درێژەی سەرۆکایەتی بارزانی داهاتوویەکی ڕەشی لێ دەکەوێتەوە
ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراق بەئاماژە بە گرفتەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان، پێی داگرت؛ درێژەی سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی، داهاتوویەکی ڕەشی بۆ هەرێم بەدواوە دەبێ.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی ئیرنا، ئارێز عەبدوڵا لەبابەتێکدا سەبارەت بە قەیران وگرفتەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند؛ دۆخی ئێستای هەرێم وکردەوەی سەرۆکانی، پێشاندەری هەوڵ و کۆشش بۆ شاردنەوەی کێشەو گرفت ونهێنی کارییە، نەک هەوڵدان بۆ چارەکرانیان.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراق وتی: پەیامی ئەم دواییەی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەریی گرفتەکانی هەرێم هیوای بەدیهێنا بۆ چارەسەریی ئەو کێشەو گرفتانە، بەڵام ئەو هیوایە هێندەی نەخایاندو بێ هیوایی لێکەوتەوە.
ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پارتی یەکێتی نیشتمانی لەدرێژەی قسەکەیدا، پارتی دیموکراتی بە هۆکاری سەرەکی هاتنەدی گرفتەکانی هەرێمی کوردستان ناوبردو وتی کە ڕێککەوتنی نێوان یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات گرینگە بەڵام نابێ لەو ڕێککەوتنە بۆ شاردنەوەی کێشەو گرفتەکان و درێژەدان بە دۆخی نالەباری ئێستا کەڵک وەربگیردرێ.
ئارێز عەبدوڵا هەروەها پێی داگرت؛ پارتی لەهەوڵ دایە بە هەرلەونێ بووە بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمدا بێڵێتەوەو بەهاوکاری یەکێتی نیشتمانی، پارت ولایەنەکانی دیکەی هەرێمیش بخاتە پەراوێزەوە. ناوبراو هەروەها وتی کە مانەوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێتی نیشتمانی، پرسێکی ئاسایی نییە و ئەگەر سەرانی یەکێتی نیشتمانی لەوبارەوە بچنە ژێرباری زەخت وگوشارەکانی پارتی، هاوبەش دەبن لە دەسنیشان کرانی داهاتوویەکی ڕەش بۆ هەرێم چونکە مانەوەی بارزانی لەو پۆستەدا نەک هەر ڕێگاچارەی کێشەکانی هەرێم نییە بەڵکوو قەیرانەکان پەرە پێ دەدات.
ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی یەکێتی نیشتمانی بەئاماژە بەوەی کە کێشەوقەیرانەکانی هەرێم لەبەر ناکۆکی نێوان ئەو پارتەو پارتی دیموکرات بەدی نەهاتووە کە بەڕێککەوتنی ئەوان چارەسەر ببن، پێی داگرتووە کە دەبێ پارتی دیموکرات هەوڵ بدات بەهاوکاری هەموو پارت ولایەنەکانی هەرێم، باردۆخ ئاسایی بکاتەوە چونکە ئەو گرفتانە، گرفتی نیشتمانین و دەبێ بە وەها شێوازێک چارەسەر بکرێن.