یەکێتی پێشنیاری پێکهاتنی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی داوە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان
سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتیمانی پێکهاتنی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی بۆ قۆناغی دوای گواستنەوە هەتا بەرپا کرانی هەڵبژاردن لە هەرێمی وەک دەسپێشخەری و پێشنیارێک بە مەبەستی چارەسەر کردنی قەیرانی سیاسی هێناوەتە ئاراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس،سەرکردایەتیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی عێراق خەریکە مشت و مڕە لە سەر پلانی ئەم لایەنە بە مەبەستی چارەسەر کردنی قەیرانە نێوخۆییەکان و ئامادە کردنی مانیفیستی حیزبی بە مەبەستی خۆسازدان لە ئاراستەی ئاڵ و گۆڕەکان لە عێراق و ناوچەکەدا.
بڕگەی دووهەمی ئەم دەستپێشخەرییە ئاوڕی لە گۆڕینی پۆستە سەرەکییەکانی دەستەڵاتی هەرێمی کوردستان داوەتەوەو تیای دا هاتووە: لە هەر لایەکەوە بۆی بڕوانین گۆڕینی پۆستەکانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان قەیرانە سەرەکییەکانی هەرێم چارەسەر دەکات. مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە دەستپێشخەرییەکی خۆی دا خوازیاری کاندید کردنی کەسێکە بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەتا کاتی بەرپا کرانی هەڵبژاردن و ئینجا یەکێتی نیشتیمانیش سێ پێشنیاری بۆ چارەسەر کردنی ئەم کێشەیە هێناوەتە ئاراوە.
1_ ڕێککەوتنی زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لە سەر کاندیدێک
2_پێکهاتنی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کە داگری ڕێبەرانی پێنج پارتە سەرەکییەکەی هەرێم بە پارتی و یەکێتی و گۆڕان و کۆمەڵ و یەکگرتووەوە بێت بۆ قۆناغی دوای گواستنەوە هەتا بەرپا کرانی هەڵبژاردن کە دیارە بڕیاردانەکانیش دەبێ بە پێی زۆرینەوە بێت.
3_ بۆ گۆڕینی کۆڕی سەرکردایەتیی پەرلەمان و کابینە و چارەسەریی کێشەی سەرۆکایەتیی هەرێم و سیستێمی پەرلەمانی و یاسای بنەڕەتیش ڕێککەوتن بکرێت. بەم پێیە دەستەبەریی پەڕینەوە لە قەیرانی پۆستە سەرەکییەکان و دابەشکردنی پۆستەکانی سەرۆکایەتی لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا کاریگەرو متمانەبەخش دەبێت.