دیداری بارزانی و شاندێکی باڵای بەریتانیا
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i286424-دیداری_بارزانی_و_شاندێکی_باڵای_بەریتانیا
ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
نیسان 12, 2017 14:23 Asia/Tehran
  • دیداری بارزانی و شاندێکی باڵای بەریتانیا

ئەمڕۆ چوارشەممە لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق، پێشوازی لە شاندێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا کرد.

بەپێی ڕاگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، شاندەکەی بەریتانیا پێکهاتبوون لە تۆبیاس ئیڵ وۆد، بەڕێوەبەری بەشی کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست له وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و فرانک بەیکەر، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق و چەند ڕاوێژکارێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە.

لە دیدارەکەدا شاندی میوان سڵاوی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیای بە مەسعود بارزانی گەیاند و هەروەها تیشکیان خستەسەر بڕیار و ڕاسپاردەکانی لێژنەی ئاساییشی بەریتانیا کە جەخت لە هەڵوێستەکردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە دەکات وەک هێزێکی کاریگەری ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە شاندی میوان پێزانینی خۆی بۆ چالاکییەکانی هێزی پێشمەرگە و ئاستی ڕێکخستنی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی سوپای عێراق لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و ئازادکردنی مووسڵ دەربڕی.

لەو کۆبوونەوەیەدا بە وردی نیگەرانییەکانی هەردوولا لەبارەی قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوەش دووپات کرایەوە کە لە قۆناغی دوای ئازادکردنی مووسڵ، پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە ڕەنگدانەوەی ویستی خەڵک و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی پارێزگای نەینەوا بێت. هەروەها لەو قۆناغەدا هەماهەنگی لەنێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی ناوەندیی بەغدا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانیشتووانی پارێزگای نەینەوا هەبێت و ئینجا پەیوەست بەم باسەوە پێشنیار و ڕێگەچارەکان تاوتوێ کران.