ژمارەیەک بەرپرسی گۆڕان لە ئیدارەی سلێمانی ئامادەکاری بۆ دەست لەکارکێشانەوە دەکەن
بەهۆی نەبوونی دەسەڵاتو بودجە لەبەردەستیاندا ژمارەیەک بەرپرسی گۆڕان لە ئیدارەی سلێمانی ئامادەکاری بۆ دەست لەکارکێشانەوە دەکەن.
دوێنی سەردار قادر لەبری پارێزگاری سلێمانی کە هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕان بوو لەوپۆستەدا دەستی لەکارکێشایەوەو هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەشی بۆ رای گشتی رونکردوەتەوە کە نەبوونی بودجەو بێ دەسەڵاتییە لە پۆستەکەیدا.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لەسەرچاوەیەکی بزوتنەوەی گۆڕانەوە دەست شارپرێس کەوتووە ژمارەیەک بەرپرسی گۆڕان لە ئیدارەی سلێمانیو گەرمیانو راپەڕین بەنیازن دەست لەپۆستەکانیان بکێشنەوەو بزوتنەوەکەشیان لەوە ئاگادار کردوەتەوە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو پرسانە ژمارەیان 5 کەس دەبێتو چاوەڕێی وەڵامی بزوتنەوەکەیان دەکەن سەبارەت بە دەست لەکارکێشانەوە.
بە پێی راپۆرتی ماڵپەڕی شارپرێس ، بڕیارە جڤاتی نیشتیمانی لەبارەی دەست لەکارکێشانەوەی بەرپرسەکانیان لەناو ئیدارەی خۆجەیی ناوچەکانبڕیارێک بدات کە زۆرینەیان لەگەڵ مانەوەی بەرپرسەکانیان لە پۆستەکانیانو دەست لەکارنەکێشنەوە.
هاوکات دەگوترێ بەشێک لەو بەرپرسانەی گۆڕان ئامادەکاری دەکەن بۆ دەست لەکارکێشانەوە ئامادەن بەبێ رەزامەندی حزبەکەشیان دەست لەکار بکێشنەوەو گوێ بەنیگەرانی بزوتنەوەکەیان نەدەن.
هەر بەپێی زانیارییەکان بۆ بەرگرتن لەو دەست لەکارکێشانەوانەی هەڵسوڕاوەکانیان جڤاتی نیشتیمانی لە چەند رۆژی داتوودا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بداتو شوێنگەرەوەکیش بۆ پۆستەکەی سەردار قادر دیاری بکات.
ئەو پێنج بەرپرسەی گۆڕان پشتیوانیان لە دەست لەکارکێشانەوەکەی سەردار قادر کردوەو جەختیان کردوەتەوە رووبەرووی هەمان کێشە بوونەتەوە کە سەردار قادر تێیدابووە.
سەردار قادر سەرۆکی پارێزگاری سلێمانی سەر بە بزووتنەوەی گۆڕان لەرۆژانی رابردوودا دەستی لە کار کێشایەوە .
سەردار قادر رۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2017 لەبری پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاربوو بۆ راپەڕاندنی کارەکانی ئاسۆ فەرەیدون، لەماوەی دەستبەکاربوونیدا چەندین جار رەخنەی گرتووە کە بودجەی پێویستیان لەبەردەستدا نییە بۆ راپەڕاندنی کارەکان، پێشتریش رایگەیاندبوو ئەگەر بە دەستلەکارکێشانەوەی ئەو کێشەکان چارەسەر ببن، ئەوا دەستلەکاردەکێشێتەوە.