کۆنفڕانسی ئاوەدانکردنەوەی شنگال دواخرا
قایمقامی قهزای شنگال رایگەیاند بە ھۆی ئەوەی ئامادەکارییەکان تەواو نەبوون، کۆنفڕانسی ئاوەدانکردنەوەی شنگال، بۆ ناوەڕاستی ئەم مانگە دوا خراوە.
مەحما خەلیل، قایمقامی قهزای شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیاربوو کۆنفڕانسی نێودەوڵەتیی ئاوەدانکردنەوەی شنگال لە کۆتایی مانگی رابردوو ساز بکرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کارە تەکنیکی و لۆجستییەکان تەواو نەبوون وەک ئامادەکاری بۆ کۆنفڕانسەکە، کاتی کۆنفڕانسەکە بۆ ئهم مانگه دواخرا، بۆیە بڕیارە لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا کۆنفڕانسە مەزنەکە ساز بدرێت".
مەحما خەلیل وتیشی، "لەئێستادا ئامادەکارییەکان تەواو بوون، وەک دۆکیومێنت و پڕۆژە و پلان و پڕۆژەی ستراتیژی، جگە لەوەش ھەموو وڵاتان بانگھێشت کراون بۆ بەشداریکردنیان لەو کۆنفڕانسەدا، بۆیە لەم مانگەدا کۆنفڕانسەکە ئەنجام دەدرێت".
قایمقامی شنگال ئاماژهی بهوهشدا: "جگە لە ئاوەدانکردنەوەی شنگال، پێویستە سەرەتا سەقامگیریی بۆ بگەڕێتەوە، چونکە لە دوای رووداوهکانی چهند رۆژی لهمهوبهر کە بە ھۆی پەکەکەوە تورکیا شنگالی بۆردومان کرد، خەڵک تووشی ترسێکی گەورە بووە و ئارام نین، بۆیە پێویستە پێش ئاوەدانکردنەوەی شنگال، پەکەکە دەربکرێت، بۆ ئەوەی ئارامی بۆ ناوچەکە بگەڕێتەوە".