یه‌کێتی: ئامادەکاریمان نەکردوە بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی
ئه‌ندامێکی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ئێستادا یه‌کێتی هیچ ئاماده‌کارییه‌کی نه‌کردوه تا پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌ربگرێت، چونکه ئه‌و پۆسته له‌ئێستادا ئیستیحقاقی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه.
له‌تیف شێخ عومه‌ر ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان هاوکات لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی رێکخستنی 1ی سلێمانی یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به میدیای حیزبەکەی راگه‌یاند: به‌پێی ئیستحقاقی هه‌ڵبژاردن و رێکه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان، پێویسته له‌م کاته‌دا پۆستی پارێزگاری سلێمانی له لای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بێت، بۆیه له‌کۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئه‌و پرسه یه‌کلایی ده‌که‌ینه‌وه که ئاخۆ ئه‌وان وه‌ک بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان که‌سێکی دیکه له‌جێی سه‌ردار قادر داده‌نێنت یان هه‌ر ئاماده‌نین ئه‌و پۆسته وه‌ربگرنه‌وه، ئه‌وسا به‌پێی ئه‌نجامی کۆبوونه‌وه‌که یه‌کێتی بڕیار ده‌دات که پۆستی پارێزگاری سلێمانی وه‌ربگرێت یاخود نا.
وتیشی: له‌ئێستادا یه‌کێتی هیچ ئاماده‌کاری نه‌کردوه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری سلێمانی و له ئه‌گه‌ری هه‌ر پێشهاتێکیش یه‌کێتی هه‌ڵوێستی خۆی ده‌بێت.بڕیارە دووشەممە یەکێتی‌و گۆڕان کۆببنەوە.