گەڵاڵەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی هێزێکی پرۆفشناڵی سەربازی
حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەوڵدایە هەتا بەهاوکاری تیمێک پێکهاتوو لە، وەزارەتخانەی بەرگریی سێ وڵاتی ئەمریکا، ئینگلیز و ئاڵمان، هەندێ چاکسازی ئەنجام بدات لەنێو وەزارەتی پێشمەرگەدا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، حکومەتی هەرێم لەئاراستەی ئەنجامدانی بڕێک چاکسازی لەبواری جیاجیادا بەنیازە بەهاوکاری تیمێکی پسپۆر پێکهاتوو لە؛ وەزارەتخانەکانی بەرگریی ئەمریکا، ئینگلیز و ئاڵمان، هەندێ گۆڕان و چاکسازی بکات لە پێکهاتەو داڕشتی وەزارەت و هێزی پێشمەرگە.
هەرلەو ئاراستەدا، سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە حەوتی مای٢٠١٧ بەئامادەبوونی ئەو تیمەی بڕیارە پێک بهێنرێ و نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، قوباد تاڵەبانی یاریدەری سەرۆکی حکومەت و کەریم سنجاری سەرپەرشتی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرپرسانی سەربازی هەرێمی کوردستان دانیشتنێک بەڕێوەچووەو تیمی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی، گەڵاڵەکانی پێکهێنانی هێزێکی پرۆفشناڵی سەربازی لە هەرێم لە ٣٥ بڕگەدا شی کردەوە.