کاردانەوەی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەبارەت بە وتەکانی نووری مالیکی
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i293342-کاردانەوەی_گوتەبێژی_فەرمیی_سەرۆکی_هەرێمی_کوردستانی_عێراق_سەبارەت_بە_وتەکانی_نووری_مالیکی
مالیکی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە که دوژمنایەتی کردنی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا نە خۆی و نە ئەو خەڵکانەی بەدوای قسەکانی دەکەون بۆ ئێمە جێگەی بایەخ نین و بۆچوونیان هیچ بەهایێکی نییە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
May 31, 2017 15:45 Asia/Tehran
  • کاردانەوەی گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەبارەت بە وتەکانی نووری مالیکی

مالیکی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە که دوژمنایەتی کردنی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا نە خۆی و نە ئەو خەڵکانەی بەدوای قسەکانی دەکەون بۆ ئێمە جێگەی بایەخ نین و بۆچوونیان هیچ بەهایێکی نییە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە شارپرێس، دوکتور ئومێد سەباح وتەبێژی فەرمیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوە بە وتەکانی نووری مالیکی سەرۆک‌وەزیرانی پێشووی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی کورد و کوردەکان ڕایدەگەیێنێت: نووری مالیکی سەرۆک­وەزیرانی پێشووی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ سەحیفەی ئەخباری لوبنانی زێدەڕۆیی زۆری بەرانبەر مافەکانی کورد کردووە و قسەی نابەجێی لەبارەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو و ڕێگەی بەخۆی داوە بەپێی میزاجی خۆی باس لە ڕووداوەکان و مافەکانی گەلی کورد بکات.

مالیکی لەسەر ئەوە ڕاهاتووە که دوژمنایەتی کردنی خەڵکی کوردستان بۆ ڕیکلامی هەڵبژاردن بەکار دەهێنێت، بەڵام لە ڕاستیدا نە خۆی و نە ئەو خەڵکانەی بەدوای قسەکانی دەکەون بۆ ئێمە جێگەی بایەخ نین و بۆچوونیان هیچ بەهایێکی نییە.

جێگەی سەرسووڕمانە کەسێک کە بووەتە بەڵا بەسەر عێراق و سەرچاوەی شکست و نەهامەتی و گەشەی تیرۆر بێت هێشتا شەرم داینەگرێت و بێتە گۆ، دەبوایە کەسێکی وەک ئەو کە عێراقی تێکوپێک‌دا کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنابا یان هەر هیچ نەبێ خۆی لەپێش چاوی خەڵکی عێراق ون کردبا. ئەو کەسەی عێراقی کردە سەرلیستی گەندەڵترین وڵاتانی جیهان و ڕەواجی دزی و بێسەروبەری و ناشەفافیەتی کرد لە وڵاتدا، ئەو کەسەی عێراقی خستە ناو ئاگری تاییفەگەری و لەسەردەمی ئەو سەدان کەس لە خەڵکی ڕۆشنبیر و نوخبە تیرۆر و بێسەروشوێن کران، ئەو کەسەی نازانێ بەڵێن و ئیمزا چییە و وەک ئاوخواردنەوە پەیمان دەشکێنێ و دوورە لە پڕەنسیپەکانی مەردایەتی و مرۆڤبوون، چۆن دەکرێ هەلی بۆ بڕەخسێ جارێکی تر دەستی لە دەستەڵاتدا گیر بخوات؟ لە مالیکی دەپرسین چیت بۆ عێراق کردووە؟ زیاتر لە پێنجسەد ملیار دۆلار داهاتی عێراقی لەبەردەست بوو، نیوەی ئەو داهاتەی بۆ تاڵان و گەندەڵی بەفیڕۆ دا نیوەکەی تریشی بۆ وێرانکردنی عێراق.

ئەم پیاوە لە چاوپێکەوتنەکەدا زمانی هەڕەشەی لەدژی خەڵکی کوردستان بەکار هێناوە، لێرەدا پێی ڕادەگەیێنین کە ئەوە مەیدان و خۆت تاقی بکەرەوە. پێشتر دوژمنی زۆر لەو بەهێزتر و سەرەڕۆتر خۆی تاقی کردووەتەوە و لەبەردەم ئیرادەی گەلی کورد چۆکی داوە و تووشی چارەنووسێکی شووم هاتووە.