ڕاگەیەندرانی ڕۆژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانی ئێراق
پارتە کوردیەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی بڕواری بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ناوچەکەیان لە ئێراق .
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ئیسنا؛ دوابەدوای سوور و پێداگر بوونی "مەسعوود بارزانی" سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە سەر پێویستیی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم سەبارەت بە سەربەخۆیی ئەم ناوچەیە، پارتە کوردستانییەکان لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی بارزانی ، ڕێککەوتن لە سەر بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم سەبارەت بە جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێراق لە ڕۆژی ٢٥ی سێپتەمبەری ٢٠١٧دا.
بارزانی پێشتر لە دیداری "ئانتۆنیۆ گوترێش"ی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەوڵێردا وتبووی: بۆ ئەوەی هەموو جیهان لە بڕیاری کوردەکان سەبارەت بە داهاتووی خۆیان ئاگادار ببێتەوە ، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆپرسیی سەربەخۆیی بەڕێوە دەبەن.
بارزانی بە بێ سەرنج دان بەو هەموو کێشە و گرفتە سیاسی و ئابوورییەی لە هەرێمی کوردستانی ئێراقدا هەیە، باسی بەڕێوە بردنی کۆپرسیی سەربەخۆیی دەکات کە ئەوەش ئامانجێکی دیکەی جگە لە شاردنەوەی ئەو هەموو کێشە و گرفتە نییە و لە ڕاستیدا وروژاندنی هەست و سۆزی کوردەکانە.
پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق بە سەرۆکایەتیی مەسعوود بارزانی لە گۆڕەپانی سیاسەتدا، هیچ پلە و پێگەیەکەی لە نێو خەڵکی هەرێمی کوردستانی ئێراقدا نییە و بۆ قەرەبوو کردنەوەی ناکاماییەکانی ، ڕووی کردۆتە هێنانە ئارای باسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی وەکوو ڕێگایەک بۆ بە دەس هێناننەوەی پلە و پێگەکەی جارانی.