سەعدی ئەحمەد پیرە : هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەمساڵی زایینی دا بەڕێوە ناچێ
"سەعدی ئەحمەد پیرە"ی ئەندامی نووسینگەی ڕامیاری یەکێتی نیشتمانی لەدانیشتنی حەوتی ژۆئەنی پارت ولایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ مەسعود بارزانی وتی: بەڕێوە چوونی هەڵبژاردنەکان لەمساڵی زایینیدا دوور دێتەبەرچاو .
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە ماڵپەڕی میلەت پرێس، سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەب سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەمساڵدا زۆر دژوار دێتەبەرچاو، چونکە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان وگشت پرسی هەرێمی کوردستان، کەم ئەزموونەو پێویستی بەئامادەسازی هەیەو ئەوکارە، پێویستی بە شەش هەتا حەوت مانگ دەرفەت هەیە، بۆیە لەوانەیە هەڵبژاردنەکان بۆ ساڵی داهاتوو دوابخرێ.
ئەو ئەندامەی مەکتەب سیاسی یەکێتی نیشتمانی ئەگەری بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان لەساڵی داهاتووی بەمومکین زانیوە، وتی: هیچ هۆیەک لەئارادا نییە بۆ ئەوەی هەڵبژاردنەکان ساڵی داهاتووش دوابخرێ.
ئەو لێدوانانە لەکاتێکدا دێنەئاراوە کە پاش دانیشتنی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا، گشت پرسی هەرێم لە٢٥ی سیپتەمبەری ئەمساڵی زایینی بەڕێوە بچێ و هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمیش لەکاتی خۆیاندا بەڕێوە بچن.