دیداری مەسعود بارزانی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسی کۆنسولخانەی وڵاتانی عەرەبی
مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسی کۆنسولخانەکانی حەوت وڵاتی عەرەبی دیداری کرد.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە باس نیوز، مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوێشەو لەگەڵ سەرۆک کۆنسولی حەوت وڵاتی عەرەب لەوان عەرەبستانی سەعودی، ئۆردۆن، میسر، ئیمارات، فەلەستین، کوەیت و سودان لە هەرێم دیداری ئەنجام دا.
بەپێی ئەو هەواڵە، لەو چاوپێکەوتنەدا لیژنەی کۆنسولی وڵاتانی عەرەب ڕێزیان گرت لە بارزانی و هێزی پێشمەرگە لەبەر دەورگێڕان لە شەڕی دژ بەداعش و شکست پێدانی ئەو گرووپە تیرۆریستیە و هەڵمەتی ڕزگارکرانی موسڵ و لەگەڵ خێزانی پێشمەرگە شەهیدەکان هاوخەمییان دەربڕی و باش بوونی هەرچی خێراتری بریندارنیشیان بەئاوات خواست.
لە بەشێکی دیکەی ئەو دیمانەیەدا، مەسعود بارزانی، وێڕای ئاماژە بە داهاتووی پارێزگای نەینەوا ڕایگەیاند کە قۆناخی پاش داعش قۆناخێکی یەکجار هەستیار و ناسکە. دەبێ ئەو هۆو هەگەر و بوارانەی دەبنە مایەی دەرکەوتن و هاتنەدی ڕێکخراوگەلی توندڕەوی وەک داعش، بنبڕ بکرێن هەتا پێش بگیردرێ بە دووپات بوونەوەی کارەسات و تاوانکاریی تیرۆریستییەکان.
بارزانی لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی کردە سەرکەوتنەکان لە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵ کردنەوەی موسڵ و وتی: سەرباری ئەوەی کە ئەو ئۆپراسیۆنە بەهاواهەنگیی هێزی پێشمەرگەو هێزە ئێراقییەکان و داکۆکی هێزی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژە داعش، سەرکەوتوو بووە، بەڵام ئەوە بەمانای کۆتایی هاتن و بڕانەوەی داعش و تیرۆر نییە، بەڵکوو دەبێ بوار و بەستێنەکانی دەرکەوتنی داعش بەتەواوەتی بسڕێتەوەو لە پلاندانان و بەرنامەڕێژییەکاندا، ماف و داواکاریی کەمینەکانی پارێزگاکە لەبەرچاو بگیردرێ هەتا کەمینەکانی پارێزگاش بە دڵنیاییەوە بتوانن درێژە بە ژیانی خۆیان لەو ناوچەدا بدەن.