تیرۆر کرانی مامۆستایەکی ئایینی لە قەڵادزێ
وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: چەند چەکدارێک مامۆستایەکی ئایینییان لەبەردەم مزگەوتی (ئەلڕەحمان) لە قەڵادزێی هەرێمی کوردستانی عێراق تیرۆر کردووە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، ڕێبوارئەحمەد وتەبێژی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانی عێراق ڕایگەیاند: ئەمڕۆی هەینی چەند چەکدارێکی نەناسراو لە بەردەم مزگەوتی (ئەلڕەحمان) لە شاری قەڵادزێ مامۆستا ئەحمەد دێرێ بەرپرسی زانایانی پشدەری کۆمەڵی ئیسلامی و ئەندامی مەڵبەندی رانیەی ئەو حزبە لە شاری قەڵادزێیان داوەتە بەر گولەو تیرۆریان کردووە.
لەم پەیوەندییەدا وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا جەختی کردووە کە: بە توندی ئیدانەی کوشتنی مەلا ئەحمەد دێرێ دەکەن و دیارە ئەو جۆرە کردەوە تێکدەرانەیە ئاشتیی کۆمەڵایەتی دەخاتە مەترسییەوە.
جێگای ئاماژەیە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروەها داوای لە ڕێکخراوە ئاسایشتیەکانی هەرێم و دەزگا پەیوەندیدارەکان کردووە کە بە زووترین کات هۆکارانی ئەو کردەوە تێکدەرانەیە بدۆزنەوەو دەستگیریان کەن و بە سزای یاساییان بگەینن.