سەعدی ئهحمهد پیرە وەکوو وتەبێژی فەرمیی یەکێتیی دهستنیشان کرا
مەکتەبی سیاسى یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ئێوارەی ڕۆژی شەممە کۆبوویەوە و سەعدى ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی وەکوو وتەبێژی فەرمی یەکێتی دەستنیشان کرد.
به گوێرەی راپورتی باس نیوز دواى کۆبوونەوەکەش، وتەبێژە نوێکەی یەکێتی لە کۆنگرهیهکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند، لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبنەوە و بەدواداچوونیش بۆ کێشەی مووچەی فهرمانبهران دەکەن.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی نوێی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان، لە میانەی پرێس کۆنفرانسێکدا، ڕایگەیاند: "هیوادارین بتوانین بۆ چارەسەرکردنی تەواوی گرفتەکان، پارتى و گۆڕان و کۆمەڵ لە کۆبوونەوەیەکی سیاسییدا کۆ بکەینەوە وبه ھەموومانهوه ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشهکان بدەین".
ناوبراو وتیشى: "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا بڕیاری ئەوەمانداوە، که بەدواداچون بۆ کێشەی مووچەی فهرمانبهران بکەین، ھەروەھا داواش لە شارەزایان دەکەین ڕاپۆرتمان پێشکەش بکەین لەبارەى داهاتى نەوت و سنوورەکان".
ئاماژەی بەوەشکرد، که لەچەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ چارەسەرى هەموو پرسەکان لەگەڵ پارتى کۆدەبنەوە، دواتر لەگەڵ لایەنە سیاسیەکاندا کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
سەعدی ئهحمهد پیرە، وتیشی: "بە پێویستی دەزانین سەرۆکى حکوومەت و جێگرەکەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دابنیشن و بۆیان ڕوون بکەنەوە، مووچەى فهرمانبهران و مووچهخۆرانى تر کەی و چۆن و چەند دەدرێت، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانێت ژیانی ڕێک بخاتەوه".