چاوپێکەوتنی وەزیری دەرەوەی تورکیا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق ، هەڵوێستی ئەنقەرە سەبارەت بە رفراندۆمی هەرێمی بە بارزانی ڕاگەیاند.
بە پێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی مێهر، مەولوود چاووش ئوغلو وەزیری دەرەوەی تورکیا کە ڕۆژی چوارشەممە بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی ئێراق گەیشتە بەغدا و دواجار چوو بۆ هەولێر ، دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئێراق لە پرێس کۆنفرانسێک دا وتی : ئاڵ و وێری بازرگانی لەنێوان تورکیا و هەرێمی کوردستانی ئێراق پێوەندی بە کۆپرسی هەرێمەوە نییە و لە لایەکی دیکەوە پەکەکە بۆ تورکیا و ئێراق و هەرێمی کوردستانی ئێراق وەک گرفتی هاوبەش دێتە ئەژمار .
چاووش ئوغلو پێداگری کرد : هەڵکرانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لە کەرکووک هەڵە بووە .
لەحاڵێکدا کە دەوڵەتی ئێراق لەسەر پاراستنی سەروەریی و یەکێتی نیشتمانی ئەم وڵاتە پێداگری دەکات، ئەنجومەنی پارێزگاری کەرکووک بیست و هەشتەمی مانگی مارس دەنگی دا بە هەڵکرانی ئاڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاڵای ئێراق لە دامەزراوەکانی دەوڵەتیی ئەم پارێزگەیە کە بەرەوڕووی کاردانەوەی دەوڵەتی ئێراق و تورکمانەکانی کەرکووک بووەوە.
وەزیری دەرەوەی تورکیاش ڕۆژی چوارشەممە لە پرێس کۆنفرانسێک دا هاوڕێ لەگەڵ ئیبراهیم جەعفەری وەزیری دەرەوەی ئێراق لە بەغدا بۆ نەیارەتی کردن بەرامبەر رفراندۆمی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : پێداگری کوردەکان لەسەر بەڕێوە چوونی ئەم کۆپرسییە کردەوەیەکی هەڵەیە.
چاووش ئوغلو دوای گەیشتن بە بەغدا لەگەڵ فۆئاد مەعسووم سەرۆکی ئەم وڵاتە، سەلیم جەبووری سەرۆکی پەرلەمان و هەروەها نوێنەرانی سیاسی تورکمانەکانی ئێراقیش بە شێوەی جیاجیا دیداری کرد.