دوو کۆمپانیای نۆروێژی و ئەمریکی مامەڵە لەسەر دەرهێنانی نەوتی ڕۆژئاوای هەولێر دەکەن
کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نۆروێژ ٤٠ لە سەدی پشکەکانی کۆمپانیای ئەمریکی ئێکسۆن مۆبیل لە کێڵگە نەوتییەکانی باشیک هەڵکەوتوو لە ڕۆژئاوای هەولێر و ٢٠ کیلۆمەتری ڕۆژهەڵاتی مووسڵی کڕیوە.
بەپێی هەواڵی کوردپرێس، کۆمپانیای نۆروێژی "دی ئێن ئۆ" بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیێک ڕایگەیاند بە کڕینی ٤٠ لە سەدی پشکی کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئیکسۆن مۆبیل لە ڕۆژئاوای هەولێر و لە ناوچەی کێشە لەسەری "باشیک" بە نیازە چالاکییە نەوتییەکانی خۆی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق پەرە پێ بدات.
کۆمپانیای نەوتی ئێکسۆن مۆبیل ٨٠ لە سەدی پشکی کێلگە نەوتییەکانی "باشیک"ی لە بەردەست دایە و ٢٠ لە سەدی دیکەشی لە دەستی کۆمپانیای نەوتی تورکیا دایە. بە کڕینی ٤٠ لە سەدی پشکی نەوتی باشیک، لە لایەن دی ئێن ئۆ، کۆمپانیای ئێکسۆن مۆبیل هەروەها ٤٠ لە سەدی پشکی ئەو کێڵگە نەوتییانەی لە دەست دایە.
بە پشتڕاست کردنەوەی ئەو مامەڵەیە لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیای دی ئێن ئۆ لە ساڵی ٢٠١٨ هەستاوە بە هەڵکەندنی بیرێکی نەوتی لەو کێڵگە نەوتییەدا.
کۆمپانیای دی ئین ئۆ لە ئێستا دا لە دوو کێلگە نەوتی "پیشخابیر" و "تاوکە" لە حاڵی دەرهێنانی نەوت دایە و کۆی نەوتی بەرهەم هێنراوی لەو دوو کێڵگەیە ١١٠ هەزار بەرمیلە لە رۆژدا.
بیژەن مەسوور ڕەحمانی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای دی ئێن ئۆ ، وێڕای دەربڕینی ڕەزامەندی خۆی لەو ڕێککەوتنە، یەکێک لە هۆکارەکانی هاندرانی کۆمپانیاکە بۆ ئەنجام دانی ئەو مامەڵەیە بە ڕێکوپێک بوونەوەی پێدانی مووچە و حەقدەستی کۆمپانیاکان لە لایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان ناوبرد.
بە وتەی ناوبراو، ئەو کۆمپانیایە بۆ دەساڵ دەبێت کە بەشداری چالاکانە و سەرکەوتووی لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە و بە گشتی توانیویە تاوەکوو ئەوڕۆ ٢٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم بهێنێت.