نەیارەتیی پارت و لایەنەکانی ئێراق لەگەڵ بەڕێوەچونی ڕیفراندۆم لە کوردستانی ئەم وڵاتە
ژمارێک لە پارت و لایەنەکانی ئێراق بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانیان بە پێشەکییەک زانیوە بۆ دابەش کرانی ئێراق.
بەپێی ڕاپۆرتی ڕۆژی یەکشەممەی هەواڵدەریی ڕادیۆو تەلەفزیۆنی ئێران، لە درێژەی نەیارەتیی بەربڵاوی ناوچەیی و نێونەتەوەیی دژی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لە هەرێمی کوردستانی ئێراق، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و جەماوەرییەکان لە شاری بەسرەی ئێراقیشدا دژایەتی لێبڕاوانەی خۆیان لەگەڵ هەرچەشنە هەنگاوێک دا دەربڕی کە سەروەریی ئێراق بخەوشێنێ.
"محەممەد زوبەیدی" هەڵسوڕاوی سیاسیی ئێراقی لە بەسرەدا وێرای ئاماژە کردن بە نەیارەتیی هەندێ لایەنی کورد لەگەڵ بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق وتی: ئێراقییەکان خوازیاری یەکگرتویی نیشتمانیی هەموو چین و باڵەکانی ئێراقن.
"جەواد بزوونی" سکرتێری گشتیی ڕەوتی حیکمەتی نیشتمانیی ئێراقیش لە بەسرە، ئیسراییلی بە تاقەپشتیوانی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان لە ئێراق زانی و رایگەیاند: ئەم جیابوونەوەیە هەر لە سەرەتاوە لەبار دەچێ.
بە بڕوای ژمارێک لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێراقیش گەل و دەوڵەتی ئەم وڵاتە و هەروەها وڵاتانی ناوچەکە و جیهان پێشوازی لە بەڕێوەچوونی ریفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان ناکەن چوونکوو لەبەریەک هەڵوەشانەوەیە ئێراقی لێ دەکەوێتەوە.
هەر لەم حاڵەدا؛ پارتە تورکمانەکانی ئێراقتش لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا جارێکی تر وێڕای نەیارەتی دەربڕین لەگەڵ بەڕێوەچونی ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانی ئێراق بانگهێشتی لایەنگرەکانی کرد بۆ یاساغ کردنی ئەم ڕیفراندۆمە.
پارتەکانی تورکمانلی، دادگەریی تورکمانەکان، لێبڕاوی تورکمانەکان، ئەمەگداریی تورکمانەکان، یەکێتیی ئیسلامیی تورکمانەکان و کۆمەڵگەی ناسیۆنالیزیمی تورکمانەکان، ئەم بەیاننامە هاوبەشەیان بۆ دژایەتی لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی ئێراق واژۆ کردووە.
جێگای ئاماژەیە بڕێک لە پارت و لایەنەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق حەوتەمی ژوئەن لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق لە سەر بەرپا کرانی ڕیفراندۆم لە 25ی سپتامبەری 2017 ڕێککەوتن و ئەمەش بابەتێکە کە لەگەڵ دژایەتیی لێبڕاوانەی دەوڵەت و لایەنە جۆربەجۆرەکانی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە دا بەرەوڕوو بووەتەوە.