گەڵاڵەی شەش بڕگەیی وڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ بارزانی وەکوو بەدیلی ڕیفراندۆمی کوردستان
وردیاتی دەقی گەڵاڵەی وڵاتانی ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا بۆ مەسعودبارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق سەبارەت بە دیاری کردنی بەدیلێک لە باتی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بڵاو کرایەوە.
بە پێی ڕاپۆرتی میدیاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق، دەقێکی شەش بڕگەیی لەژێر ناوی( بەدیلی ڕیفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق) بڵاو بووەوە.
بە پێی ئەم ڕاپۆرتە، ڕێکخراوەی نەتەوەکان، ئەمریکا، بریتانیاو فەرانسا گەرەنتیی ڕاپەڕێندرانی ئەو گەڵاڵەیەیان داوە کە داگری ئەم بڕگانەن:
1_ دواخستنی ڕیفراندۆمی هەرێم لە ڕێگای ڕێکخراوەی نەتەوەکان و لەژێر چاودێریی ئەمریکاو بریتانیاو فەرانسا ئەنجام دەگرێت.
2_ ئەو ناوچانەی لە لایەن هەولێروبەغداوە کێشەیان لە سەرە هەروا لەژێر کۆنترۆڵی هێزی پێشمەرگەدا دەمێننەوەو هەوڵی ئەوەش دەدرێت کە پەیوەستی هەرێمی کوردستانی عێراق بکرێن
3_ ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا لەژێر چاودێریی هێزە گەورەکانی جیهان لە بارەی بوجە و موچەی کارمەندانی هەرێم و نەوت و هێزی پێشمەرگە.
4_ موچەی زیاتر لە سەد هەزار پێشمەرگە لە ڕێگای وەزارەتی بەرەڤانیی عێراقەوە دەدرێت.
5_ بەغدا مافی هەرێمی کوردستانی عێراق لە بواری نەوت ڕەچاو دەکات و نەوتی کەرکوکیش جاری لەژێر دەستەڵاتی هەرێم دا دەمێنێتەوە.
6_ بەشداری پێکردنی کورد لە تەواوی پلەوپایە دەوڵەتییەکانی عێراقدا.
هێشتا هیچ سەرچاوەیەکی فەرمی ئەم دەقە بڵاوکراوەیەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. ئەمەش لە حاڵێکدایە کە لۆبی زایونیستی بە یارمەتیی باڵی توندئاژۆی ئەنجومەنی سێنای ئەمریکا لە ماوەی ڕۆژانی ئەم دواییە ئەو پەڕی هەوڵی خۆی بەکارهێناوە بۆ بەهێز کردنی جێ و شوێنی بارزانی و هاندانی بۆ بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم.
شیاوی باسە، ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستانی عێراق دوو ساڵ دوای داخرانی، کارا کرایەوەو یەکەم دانیشتنی خۆشی بۆ تاوتوێ کردنی ئەم گەڵاڵەیە بەڕێوە دەبات، بەڵام بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی هەتا ئەم کاتە ئامادەی بەشداری کردن لە دنیشتنەکەدا نین.