ئەگەری بەڕێوە نەچوونی گشتپرسی لە ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان
یەکێک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانی کوردستانی ئێراق ڕایگەیاند؛ ئەگەری ئەوە زۆرە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان لە ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان بەڕێوە نەچێ.
بە پێی راپۆرتی کوردپرێس بە گێڕانەوە لە خەندانەوە؛ "ڕزگار عەلی " ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕۆژی شەممە بە رادیۆ نەوای راگەیاند: دەتوانین بڵێین ئەگەری زۆرە لە سەر ئەوەی کە گشتپرسی لە ناوچە ناکۆکی لە سەرەکان بەڕێوە نەچێ بگەینە تەبایی.
ناوبراو وتیشی: تا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە، بەڵام ئەمڕۆ بڕیاری یەکجاری دەدرێ.
بەرپرسێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند کە یەکێتی نیشتمانی لە کەرکووکدا نایهەوێ لە ڕفراندۆمەکەی هەرێمی کوردستان بەشداری بکات و یەکێک لە نوێنەرانی پەرلەمانی ئێراق رایگەیاندووە هۆی ئەم بڕیارە داهاتی نەوتیی یەکجار زۆری ئەم پارتە لە کەرکووکدایە.
"محەممەد خۆرشید" بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) لە کەرکووک رایگەیاند کە بەرپرسانی یەکێتی نیشتمانی لەم شارە، ڕۆژی شەممە ٢٣ی سێپتەمبەر، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ پارتەکانی دیکەی کەرکووک، رایانگەیاندووە کە بڕیاری یەکجاری خۆیان داوە و لە ڕفراندۆمەکەی هەرێمدا لە کەرکووک بەشداری ناکەن.
ناوبراو سەبارەت بە ئەگەری بەڕێوە نەچوونی ڕفراندۆمی هەرێمی کوردستان لە کەرکووک، هیچ چەشنە ڕا و بۆچونێکی دەرنەبڕی.
هەروەها "شاخەوان عەبدوڵلا" نوێنەری پارتی دیموکرات لە پەرلەمانی ئێراقیش بە بڵاو کردنەوەی وتارێک بە سەردێڕی "یەکێتی نیشتمانی نا، بەڵکوو مافیاکانی ئەم پارتە" رایگەیاندووە کە یەکێتی نیشتمانی لە دوایین کۆبوونەوەی ناوخۆیی خۆیدا پێداگری کردووە لە سەر ئەوەی کە بە بێ کەرکووک لە گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستان بەشداری ناکەن، بەڵام ئێستا ژمارێک لە بەرپرسانی ئەم پارتە لە کەرکووک کە ڕۆژانەی ٧٠٠ هەزار تا ١ ملوێن دۆلار داهاتی نایاساییان لە نەوتی کەرکووک بە نسیب دەبێ، بە بیانووی جۆر بەجۆر خوازیاری ئەوەن ئەم ڕفراندۆمە لەم شارەدا بەڕێوە نەچێ.
ناوبراو بە ئاماژە بەوەی کە یەکێتی نیشتمانی لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٤دا نیوەی دەنگی کەرکووکی بە خۆی تەرخان داوە، پێداگرە لە سەر ئەوەی کە ئامانجی بەرپرسانی یەکێتی لە بەڕێوە نەبردنی گشتپرسی لە کەرکووک ئەوەیە کە داهاتە یەکجار زۆرەکەیان لە نەوتی کەرکووک لە کیس نەچێ.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژی ڕابردوو، مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەم پارتە داوای لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کردووە پێشنیارەکەی کۆمەڵگەی جیهانی قەبووڵ کات و گشتپرسییەکەی هەرێم بخاتە دواوە.
مەلا بەختیار بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کارگێڕیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستانی ئێراقیش ڕایگەیاندووە کە لە دیداری ڕۆژی شەممەیدا لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەم ڕوانگەی خۆی بە نیگەرانییەوە بەو و بە مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێراق ڕاگەیاندووە.
ئەوە لە کاتێکدایە کە بارزانیش دوێنێ لە دیداریدا لەگەڵ باڵیۆزی فەرانسا لە ئێراق پێیداگرت کە بڕیاری بەڕێوە بردنی گشتپرسی لە دەستی هیچ پارت و کەسایەتییەکدا نەماوە و بڕیاری خەڵک و پەرلەمانی هەرێمە و ڕفراندۆم لە کاتی دیاریکراودا بەڕێوە دەچێ.