بەرهەم ساڵح دەیەوێت هاوپەیمانی لەگەڵ گۆڕانو کۆمەڵو یەکگرتوو بکات
بەرهەم ساڵح، کە پۆستی جێگری دووەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی هەبوو، وەک سەرۆکی قەوارەی "هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیوو دادپەروەری" پەیوەندیی بەسەرکردەی هەر سێ لایەنی بزووتنەوەی گۆڕانو کۆمەڵو یەکگرتووی ئیسلامییەوە کردووە، ئەوەش بەمەبەستی هاوپەیمانییەتیکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.
بەرهەم ساڵح 16ی ئەیلوول قەوارەیەکی لەکۆمیسیۆن تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنەکان، کە دەیەوێت لەدەرەوەی یەکێتی نیشتمانی کار بکاتو بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراقو هەرێمی کوردستان بکات.
کەسێکی بەشدار لەو قەوارەیە، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە بەژمارەی ئەمڕۆ چوار شەممەی هەفتەنامەی ״ئاژانس״ی وت: ״کاک بەرهەم گفتوگۆی لەگەڵ کەسی یەکەمی گۆڕانو کۆمەڵو یەکگرتوودا کردووە بۆ بەشداربوونیان لەو هاوپەیمانییەتییەدا، بەڵام بەهۆی ناڕوونی ئەنجامدان، یان ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانەوە وەڵامی یەکلاکەرەوەیان نەداوەتەوە״.
سەرچاوەکەی ״ئاژانس״ وتیشی: ״ئاڕاستەی دووەمی کارکردنی قەوارەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەریو دیموکراسی لەسەر ئاستی تاکی ناو قەوارەکەیە بەئاڕاستەی ئەو دەنگانەی گۆڕان ویەکگرتوو و کۆمەڵ و تەنانەت یەکێتییش، کە ناڕازینو گفتوگۆ لەگەڵیاندا بەردەوامە״.
هەروەها وتیشی: ״هەندێک لەوانەی پێشتر لەناو کۆمەڵو یەکگرتوودا بوون و خۆیان بۆ هاوپەیمانییەتییەکە یەکلاکردووەتەوە و دوور کەوتوونەتەوە لە حزبەکانیان لەوانە محەمەد ڕەئوف ئەندامی پێشووی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو، کە گفتوگۆ لەگەڵ دەنگە ناڕازییەکانی یەکگرتوو دەکات لەسەر ئاستی پەرلەمانتارو تەنانەت سەرکردایەتییشدا، ئارام قادریش، کە پێشتر ئەندامی مەکتەبی سیاسیی کۆمەڵی ئیسلامی بووەو یەکێکە لەپێکهێنەرەکانی لیستەکە لەگەڵ دەنگی ناڕازیی کۆمەڵ لە هەوڵدانو گفتوگۆدایە״.
هاوکات سلێمان عەبدوڵڵا یونس، بەرپرسی پەیوەندییەکانو ڕێگەپێدراو لەقەوارەی هاوپەیمانی بۆ دادپەروەریو دیموکراسی بۆ هەفتەنامەکە زانیارییەکانی پشتراستکردووەتەوەو وتی: ״قسە لەگەڵ حیزبو لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت گۆڕانو کۆمەڵو یەکگرتوودا کراوە، مەبەستمانە پێکەوە هەنگاوێک بنێین، کە شێوازی حکومڕانیی مەدەنیو هاووڵاتیبوون بێنینە کایەوە״.
بەرهەم ساڵح بەهۆی نیگەرانییەکانی لەیەکێتی نیشتمانی، لەو حیزبە دەستی لەکارکێشاوەتەوەو ئێستا دەیەوێت لەدەرەوەی ئەو حیزبە کاربکاتو هەوڵ بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەکی گەورە بدات.