دەرچوونی حوکمی گرتنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i311905-دەرچوونی_حوکمی_گرتنی_سەرۆک_و_ئەندامانی_ئەنجومەنی_سەرپەرشتیی_گشتپرسییەکەی_هەرێمی_کوردستانی_عێراق
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، حوکمی گرتنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراقی دەرکرد.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 11, 2017 13:01 Asia/Tehran
  • دەرچوونی حوکمی گرتنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، حوکمی گرتنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراقی دەرکرد.

بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی تەلەفزیۆنیی عێراقیی سومریەنیوز، عەبدولسەتار بەیرەقدار وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: دەرچوونی ئەو حوکمە لە لایەن دادگەی لێکۆڵینەوەی ڕەسافە لەسەر بنەمای سکاڵایەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق و هاوپەیوەند بە ئەنجامدانی گشپرسییەوە دەرکراوە، کە بە پێچەوانەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵ ئەنجامی گرتووە.

وتەبێژی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق وتووشیەتی : ئەم حوکمە بە گوێرەی مادەی ٣٢٩ی یاسای سزادانی عێراق دژی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرکراوە.

سەعد حەدیسی وتەبێژی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراقیش ڕایگەیاند: دەوڵەت ڕاپەڕاندنی حوکمی گرتنی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق پێ و شوێن دەگرێت.

هەر لەم حاڵەدا، حەنان فەتلاوی سەرۆکی بزوتنەوەی ئیرادەی عێراق ڕایگەیاندووە: دەبێ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئەندامانی هەڵکەوتەی پارتیش کە گشتپرسییەکەیان بەڕێوە بردووە بکەونە بەڕ پەیگەڕ.

ئەمەو لە لایەکی دیکەوە شیروان زەرار وتەبێژی لێژنەی هەڵبژاردن و گشتپرسییەکەی هەرێمی کوردستانی عێراق لای خۆیەوە فەرمانی گیرانی سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیی گشتپرسییەکەی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراقی بە نایاسایی زانی و وتیشی: وەها بڕیارێک لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە سیاسییە.

ڕیفراندۆمی جیا بوونەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق سەرباری نەیارەتیی جیهانی و کاردانەوەی توندی دەوڵەتی عێراق ڕۆژی دووشەممە 25 سپتامبەری 2017  لە ئەنجامی پێداگریی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و ئامانجە تاکەکەسییەکانی  بەڕێوەبرا کە ئەم کارە وەک پێشێلکرانی یاسای بنەڕەتیی عێراق و یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان لێک دەدرێتەوە.

 

.