کۆمپانیای شیفرۆنی ئەمەریکیی چالاکییکەکانی لە هەرێم راگرت
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i312831-کۆمپانیای_شیفرۆنی_ئەمەریکیی_چالاکییکەکانی_لە_هەرێم_راگرت
کۆمپانیای شیفرۆنی ئەمەریکیی دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند کە بەشێوەیەکی کاتی چالاکیی هەڵکەندنی بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لە هەریمی کوردستانی عێراق راگرتووە.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 20, 2017 06:54 Asia/Tehran
  • کۆمپانیای شیفرۆنی ئەمەریکیی چالاکییکەکانی لە هەرێم راگرت

کۆمپانیای شیفرۆنی ئەمەریکیی دوێنێ پێنجشەممە رایگەیاند کە بەشێوەیەکی کاتی چالاکیی هەڵکەندنی بۆ دۆزینەوەی نەوت و گاز لە هەریمی کوردستانی عێراق راگرتووە.

 

وتەبێژێک بەناوی ئەو کۆمپانیا ئەمەریکییە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە کە شیفرۆن بڕیاری هەڵپەساردنی چالاکییەکانی بەشێوەیەکی کاتی داوە.

 

وتەبێژەکە وتیشی "لەپەیوەندیەکی رێکخراودا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەمێنین، خواستمانە دووبارە دەستبکەینەوە بە چالاکییەکانمان تەنها کاتێک کە دۆخەکە ڕێگەی دا.

"شیفرۆن پشکی لەسەدا هەشتای کێڵگەکانی سارتا و قەرەداغی هەیە کە پێکەوە رووبەری 1129 کیلۆمەتر دوجایان هەیە ئەوەش بەپێی راپۆرتی ساڵانەی کۆمپانیاکە لەساڵی 2016.

تا ئیستا شیفرۆن هیچ بەرهەمێکی لەهەرێمی کوردستاندا نییە.کۆمپانیا ئەمەریکییەکە لە کۆتاییەکانی 2015 دەستیکرد بەپرۆسەی بەدواداگەڕان لە کێڵگەی سارتا و لە کۆتاییەکانی 2016 تەواوی کرد لەمانگی ئەیلولی رابردوو شیفرۆن دوای دوو ساڵ لە وەستان، یەکەم بیری دۆزینەوەی لەهەرێمی کوردستان هەڵکەند.

لە کۆتایی ساڵی 2015 شیفرۆن دەستبەرداری کێڵگەی رۆڤی بوو.کۆمپانیا ئەمەریکییەکە کە بنەی سەرەکیی لە ویلایەتی کالیفۆرانیایە، لە ساڵی 2014 و دوای دەستپێکردنی شەڕی داعش، بەشێوەیەکی کاتیی لەکارکردن وەستا.