هەولێر: ئامادەی جێ بەجێ کردنی داوای بەغداین بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک
رۆژێک پاش ئیلزامی هەرێمی کوردستانی عێراق لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتەوە بۆ هەناردەکردنی رۆژانە٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت، هەولێر ڕایگەیاند، ئامادەی ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدایە بۆ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی خوێندکارانی ئێران(ئیسنا)؛ سفین دزەیی وتەبێژی هەرێمی کوردستانی عێراق لەدیمانە لەگەڵ میدیا کوردییەکان بەڕاگەیاندنی ئەو بابەتە وتی: حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق ئامادەی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بازاڕە جیهانییەکان بەپێی داوای حکومەتی فدراڵی عێراقە.
ناوبراو بەڕاگەیاندنی ئەو بابەتە وتی: حکومەتی هەرێم پێشنیارێکی لەمەڕ هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بەغدا خستووەتەڕوو و لەدوادیدار لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق ، ئەو بابەتەشە هاتەئاراوە، واپێ دەچێ بەغداش پێشوازی کردبێ لەو پێشنیارە چونکە خودی عەبادی خۆی ئاماژەی بەو بابەتە کردووە.
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق هەروەها وتی: ڕووداوی گرینگ لەڕوانگەی ئێمەوە ئەوەیە کە ئێمە لەوبارەوە لەگەڵ بەغدا بەرەو پێش بچین بەتایبەت لەبواری نەوتدا. جارێ لەوبارەوە هیچ ڕێککەوتنێک نەکراوە بەڵام پێشنیارگەلێک بۆ ڕێککەوتن لەئارادایەو ئێمە هیوادارین ئەو ڕووداوە گرینگە بەزوویی ڕووبدات. حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی سێ شەممەیدا ڕایگەیاند کە داوای لە هەولێر کردووە، بوارەکانی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک خۆش بکات.
پارێزگای کەرکووک زیاتر لە٥٠٠بیرە نەوتی لە پێنج کێڵگەی گەورەی نەوتی هەیە کە هەتا پێش١٦ی ئۆکتۆبری ساڵی ڕابردوو کە کۆنترۆڵی ئەو شارە کەوتە دەست هێزەکانی سوپای فدراڵی عێراق، ڕۆژانە٣٦٠هەزار بەرمیل نەوتی لەو بیرەنەوتییانە هەڵدێنجرا و ٣٠٠هەزار بەرمیلی لەڕێی هێڵی بۆریی هەرێم بۆ تورکیا ڕەوانەی بازاڕە جیهانییەکان دەکرا.
داوای عەبادی لە هەولێر لەبەر ئەوەیە کە تەنیا ڕێگای هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جیهانی تورکیا، هێڵی بۆریی هەرێم بۆ تورکیایە کە لە دە ساڵی ڕابردوودا سازکراوە. هاوکات لەگەڵ قسەکانی حەیدەر عەبادی پەرلەمانی عێرقیش لەپەسەندکرانی بەشێک لە بڕگەکانی هاوپێوەند بە بودجەی عێراق، هەرێمی بە هەناردەکردنی رۆژانە٢٥٠هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆ ئەرکمەند کرد.
بەبڕوای کارناسانی سیاسی، هەرێمی کوردستانی عێراق لەهەوڵدایە پاش کۆنترۆڵی بەغدا بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بەهەناردەکردنی نەوتی ئەو پارێزگایە، بوارەکانی هاوکاریی نەوتیی لەگەڵ بەغدا هەموار بکاو هاوکاتیش بودجەی خۆی لە حکومەتی ناوەندی وەربگرێ.