کوژرانی 34 سەربازی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان
مێدیاکانی پەکەکە ڕایانگەیاند کە لە ئوپڕاسیونی هێزەکانی پەکەکە دژی بنکەی سەربازانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان 34 سەربازی تورک کوژراون .
بەگوێرەی ڕاۆڕتی کوردپرێس هێزەکانی پەکەکە ڕۆژی هەینی ئوپڕاسیونێکیان دژی بنکەکانی ئەرتەشی تورکیا لە چیای لیلکان لە ناوچەی برادۆست هەڵکەوتوو لە شاری سیدەکان لە دەڤەری پارێزگای هەولێر دەسپێکرد و لەو ئوپرڕاسیونەدا 5 بنکەی سەربازیی تورکیا لەو ناوچە کاول کران و بنکەیەکی دیکەش تووشی خەسارێکی زۆرھات . میدیاکانی تورکیا ڕایانگەیاندووە لەو پەلامارەدا کە لە 8 لایەن بەڕێوە چووە 34 سەربازی ئەرتەشی تورکیا لە چیای لیلکان کوژراون و 7 بنکەشیان کاول کراون . هەروەها باسی ئەوەش کراوە کە هێزەکانی پەکەکە ڕۆژی پێنجشەمەی ڕابردوو پەلامارێکی دیکەیان دژی سەربازانی تورکیا لە چیای لیلکان ئەنجام داوە کە لە ئاکامدا سەربازێکی تورک کوژراوەو سێ کەسی دیکەش بریندار بوونە . ئەرتەشی تورکیا زیاتر لە بیست بنکەی سەربازیی لە هەرێمی کوردستانی ئێراق هەیە و لە دوو مانگی ڕابردوودا بە بیانووی ئوپڕاسیئون دژی پەکەکە چووەتە نێو قووڵایی 60 کیلومەتریی خاکی هەرێم و ناوچەیەکی بەربڵاو بریتی لە 30 گوند و ژومارێک چیای ئیستراتژیکیان کونتڕوڵ کردووەو هاوکاتیش بە درێژەی بوردمانی ناوچە ئاوادانەکانی هەرێم لە لایەن ئەرتەشی تورکیاوە ؛ تێکهەڵچوونگەلێک لە نێوان پەکەکە و سەربازانی تورک ڕۆژانە ئەنجام ئەدرێت . بەرپرسی لقی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانی ئێراق لە ناوچەی شیلادزێ هەڵکەوتوو لە پارێزگای دهۆکیش ڕایگەیاندووە، ئەرتەشی تورکیا ژوماری هێزەکانی سەربازیی خۆی لە ناوچەکانی سنونی، گیمانی، و چڵێ لە ناوچەی زاخو لە پارێزگای دهۆکی بە ڕادەیەکی بەرچاو پەرە پێی داوەو بوردمانی ناوچەی شیلادزێ و بەیبو هەڵکەوتوولەشاری ئامیدیی پارێزگای دهۆکیش بە شێوەی بێ وچان درێژەی هەیە . بڕێک لە کاربەدەستانی هەرێمی کوردستانی ئێراق و چالاکانی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاماژە بە دەسدرێژکارییەکانی بەدوای یەکی تورکیا بۆسەرهەرێم سەبارەت بەمەبەستی ئەو وڵاتە بۆ داگیرکردنی هەرێمی کوردستانی ئێراق وشدارییان داوە .