کەنەدا کۆتایی هێنا بە هاوکاری سەربازی لەگەڵ کوردستانی ئێراق
دەوڵەتی کەنەدا دەڵێت ، سێ ساڵ هاوکاری خۆی لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ بەرەنگار بوونەوەی داعش، کۆتایی پێ هێناوە.
بەپێی ڕاپۆرتی ئیرنا، میدیاکانی خۆجێی ڕۆژی هەینی بە گێڕانەوە لە جاناتان فانس، سەرۆکی ئەرکانی سوپای کەنەدا ڕایگەیاند: د وای ئازاد کرانی شاری مووسڵی ئێراق لە بونی داعشییەکان، ئیدی پێویست بە درێژەی هاوکاری لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستان ناکات چونکە ئامانجی سەرەکی ئامادەبوونمان لە ئێراق ، داکۆکی کردن لە هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراق بۆ ئازاد کردنی مووسڵ بوو .
ناوبراو پێداگری کرد کە دوای کۆتایی ئەم ئەرکەمان، ناردنی چەک بۆ هێزی پێشمەرگە لە هەرێمی کوردستانیش ڕادەگیردرێت چونکە ناردنی چەک لەبەر ڕەوشی تایبەت بوو .
دەوڵەتی کەنەدا دوای تێکهەڵچوونی هێزی سوپای ئێراق لەگەڵ هێزی پێشمەرگە لە پاییزی ساڵی ڕابردوو هەموو هاوکارییەکانی خۆی ڕاگرت.
ئەم وڵاتە هاوکات لەگەڵ دەستپێکرانی شەڕ بەدژی داعش لە ئێراق دووسەد هێزی خۆی بەناوی ڕاوێژکاری سەربازی ڕەوانەی ئێراق کرد کە بەشێک لەم هێزانە لە هەرێمی کوردستانی ئێراق سەقامگیر بوون.
کەنەدا دەڵێت لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەڕەزامەندی بەغدا دەستی داوەتە ناردنی ژومارێک چەکەمەنی و کەرەستەی سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانی ئێراق.