گوندنشینانی بناری قەندیل لای پەرلەمان سکاڵا دژی ھێرشەکانی تورکیا بەرز دەکەنەوە
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i344778-گوندنشینانی_بناری_قەندیل_لای_پەرلەمان_سکاڵا_دژی_ھێرشەکانی_تورکیا_بەرز_دەکەنەوە
دانیشتووانی ٦٣ گوندی بناری قەندیل بە ھیوای ڕاگرتنی دەست درێژکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق ھانا بۆ پەرلەمانی ھەرێم دەبەن .
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
ته‌مووز 08, 2018 22:26 Asia/Tehran
  • گوندنشینانی بناری قەندیل لای پەرلەمان سکاڵا دژی ھێرشەکانی تورکیا بەرز دەکەنەوە

دانیشتووانی ٦٣ گوندی بناری قەندیل بە ھیوای ڕاگرتنی دەست درێژکارییەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری عێراق ھانا بۆ پەرلەمانی ھەرێم دەبەن .

بەپێی ڕاپۆرتی کەناڵی ئاسمانیی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی ھەرێمی کوردستانی عێراق ، ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی بناری قەندیل لە باکووری عێراق، بە نوێنەرایەتی لە لایەن ٦٣ گوندی ئەو ناوچەیە ، بەو هیوایەی کە لەڕێگای پەرلەمانەوە بتوانن بۆردومانەکانی تورکیا ڕابگرن، سەردانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ھەڕێمی کوردستانیان کرد.

ھەر لەم بارەیەوە نوێنەری گوندەکانی بناری قەندیل ڕایگەیاندووە: بۆردومانەکان ناوچەکانی ھەرێم لە لایەن تورکیاوە بووەتە ھۆی ئەوەی کە بەردەوام هەموو گوندنشینان لە ترس و دڵەڕاوکێدا بژین، ئەمە جگە لەوەی کە بەوهۆیەوە ڕووبەڕووی زیانی گیانی و مادی و ژینگەیی بوونەتەوە.

نوێنەرانی ئەو ٦٣ گوندەی بناری قەندیل لەگەڵ سکرتێری پەرلەمان کۆبوونەتەوەو یاداشتێکیان داوەتە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و تیایدا داوای ڕاگرتنی بۆردومانەکانی تورکیایان کردووە.

بە قسەی نوێنەرانی ئەو گوندانە ، جگە لە وەرگیرانی یاداشتەکەیان لەلایەن سەرۆکایەتیی پەرلەمانەوە، فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانیش پشتگیریی خۆیانیان بۆ داواکاریی ئەو هاوڵاتییانەی بناری قەندیل دەربڕیوە، ئەندامێکی لیژنەی کاروباری پێشمەرگەش ڕایگەیاندووە: داوای دانیشتنی پەرلەمان دەکەن لەسەر بۆردومانەکانی تورکیا و داواش دەکەن، کونسوڵی ئەو وڵاتە بانگهێشتی پەرلەمان بکرێت و ڕوونکردنەوەی تەواو لەوبارەیەوە بدات.

لەماوەی مانگەکانی ئەم دواییەدا تورکیا بە بیانووی بوونی بنکەو بارەگاکانی پەکەکە، بۆردومانەکانی لە سنوری گوندەکانی بناری قەندیل چڕکردووەتەوە.

ھەر لەم پەیوەندییەدا لە ماوەی ڕۆزانی ئەم دواییە شارومەندانی هەرێمی کوردستانی عێراق لە شارەکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک دژی لەشکەرکێشان و ئوپڕاسیونی سەربازیی تورکیا لە خاکی هەرێم دەستیان داوەتە خۆپیشاندانی ناڕازیانە و خوازیاری چوونەدەری تورکیا لە خاکی هەرێم بوونە .

ناڕەزامەندی دەربڕینی جەماوەری کوردستانی عێراق دژی پێشێلکرانی سەروەریی خاکی عێراق بە گشتی و ھەرێمی کوردستانی ئەم وڵاتە بە تایبەتی لە ھەل و مەرجێکدایە کە دێستاکە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ بەشداری کردن لە ئاھەنگی سوێندخواردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان وەک سەرۆک کۆماری تازەی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتەی کردووە.