تێکهەڵچوونی قورسی سوپای تورکیاو پەکەکە لە چەند ناوچەیەکی هەولێر
شەڕ وپێکدادانی قورس لە نێوان سوپای تورکیاو هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا(پەکەکە) لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای هەولێر لە باکووری ئێراق ڕووی دا.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە سەرچاوە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق، لە کاتژمێر هەشتی شەوی ڕابردوو(سی پووشپەڕ) لەنێوان هێزەکانی سوپای تورکیاو ئەندامانی چەکداری پەکەکە لەناوچەی برادۆست سەر بە پارێزگای هەولێر، شەڕ وپێکدادانی قورس ڕووی داوە.
بەپێی ڕاپۆرەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا ناوچەی "خەلیفان، کونەر، شوشنە،چیادیل، خواکورک، گلی خواکورک، گلی مغازی، گلی ڕەش"یان بەشێوەی بەرفراوان بۆردومان کردووە.
ئەو تێکهەڵچوونانەو بۆردومانی چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سوپای تورکیا هاوکاتە لەگەڵ هێرشی ئەو سوپایە بۆسەر خاکی تورکیا دژ بەهێزەکانی پەکەکە.
درێژەی بۆردومانی ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستانی ئێراق هاوکات لەگەڵ هەڕەشەی بەرپرسانی سیاسی و سەربازیی تورکیا بۆ لەشکرکێشی بۆسەر هەرێمی کوردستان بەتایبەت شنگال و قەندیل بەئامانجی بەرەوڕووبوونەوەی چەکدارانی پەکەکە ئەنجام دەگرێ.
بەغدا بەفەرمی نەیارەتی خۆی ڕاگەیاندووە لەگەڵ هەرچەشنە جم و جۆڵێکی سەربازی سوپای تورکیا لەباکووری ئێراق و وشداری داوە لەهەمبەر کردەی لەو چەشنە.
هێرش وپەلامارەکانی سوپای تورکیا بۆسەر باکووری ئێراق لەساڵانی ڕابردوودا خەسار و زیانی جیددی داوە لە ناوچەو هەروەها کوژراو و برینداری زۆری خەڵکی سیڤیلی بەدواوە بووە.
هەولێر بەفەرمی خوازیاری چوونەدەری پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بووە.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ئێراق لەدوا کۆنگرەی رۆژنامەوانیی حەوتانەی خۆیدا، وێڕای بەداگیرکەرزانینی پەکەکەو گرووپە چەکدارە نەیارەکانی ئێران کە لەهەرێمی کوردستان جێگیرن، وشداری دا بەوان لەمەڕ هەرچەشنە کردەیەکی سەربازی دژ بە دراوسێکانی هەرێمی کوردستان و خوازیاری چوونەدەری ئەو تاقم و گرووپانە لەخاکی هەرێم بوو.