لەبارەی گازی هەرێمی کوردستانەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای روسیی روسنەفت سەردانی بەغدا دەکات
ئاژانسێکی رووسیایی لە زاری باڵوێزی عێراق لە مۆسکۆی گواستەوە کە وڵاتەکەی پێشبینی سەردانی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای نەوتی روسنەفتی رووسیایی بۆ بەغدا دەکات بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.
ئاژانسی "تاس"ی رووسیایی بە گێڕانەوە لە حەیدەر مەنسوور ، باڵوێزی عێراق لە مۆسکۆی رایگەیاند، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا ئیگۆڕ سیچن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای روسنەفت، سەردانی بەغدا بکات بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی گرێبەستە نەوتییەکانی تایبەت بە هەرێمی کوردستان.
کۆمپانیای "روسنەفت"ی رووسیا کە کۆمپانیایەکی نیوچە حکوومەتی رووسییە، ئەمساڵ گرێبەستێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو کردووە بۆ پەرەپێدانی کەرتی گاز کە یەدەگێکی باشی گازی هەیە و گەیاندنی بە بازاڕەکانی ئەوروپا.
پێشتر لە 2017 کۆمپانیاکە چەند رێککەوتننێکی لەگەڵ هەرێمی کوردستان واژوو کردبوو بۆ کڕینی هەناردەی نەوتی هەرێم و رێککەوتننەکانیش تا 2019 بەردەوامن، کۆمپانیاکە بەڵێنی بە هەرێم دابوو بە پەرەپێدانی لوولەکانی گواستنەوەی نەوت و زیادکردنی قەبارەی هەناردن بۆ ملیۆنێک بەرمیلی رۆژانە، لەپاڵ دامەزراندنی لوولەی گواستنەوەی گاز بە توانای 30 ملیار مەتری سێجای ساڵانە لە 2019 کە ئەوەش پێویستییەکی گرنگە بۆ ئەوروپا و تورکیا.