نێچیروان بارزانی : دەبێ نوێ-دەوڵەتی ئێراق هەرچی خێراتر پێک بێت
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند کە لە چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئێراق، لەسەر خێرایی دان لە ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی ئێراق و چارەسەرکرانی ناکۆکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پێداگری کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی کوردپرێس، نێچیروان بارزانی دوای چاوپێکەوتنی لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئێراق کە ڕۆژی دووشەممە هەشتەمی گەلاوێژ - سییەمی جولای لە بەغدا ئەنجام بوو، لەنێو کۆڕی پەیامنێران، ڕایگەیاند : لەم دیدارە سەبارەت بە کرانەوەی ڕێگەکانی پێوەندی نێوان هەولێر - کەرکووک و دهۆک - مووسڵ و هەروەها دهۆک - شەنگال وتووێژ کراوە.
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی کە پرسی چارەسەرکرانی ناکۆکی نێوان هەولێر و بەغدا لە چوارچێوەی یاسای بنەڕەتی ئێراق و پێکهاتنی دەوڵەتی نوێی ئەم وڵاتەش لەم دیدارە باسی لەسەر کرا و ناوبراو لەسەر خێرایی دان لە ڕەوتی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی ئێراق پێداگری کردووە.
بارزانی وتی : هەرچی خێراتر دەبێ فراکسیۆنێکی گشت داگر لە پارتەکانی براوەی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی ئێراق، بۆ دابین کردنی بەرژەوەندیی خەڵکی ئێراق، چارەسەرکردنی گرفتی ئابووری و بەکارهێنران لە ئێراق، پێک بێت و هەرێمیش هیچ هێڵێکی سووری لەبارەی هیچ کام لە کەسایەتییەکان و پارتەکان بۆ بەدەستەوەگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیرانی ئێراق نییە.
ناوبراو ئاماژەی کرد بەوەی کە دوولایەن چاوەڕوانی پشت ڕاست کرانی دوائەنجامی هەڵبژاردن لە لایەن دادگەی فیدراڵی ئێراق بووە و لەسەر پێویستی پێکهێنانی دەوڵەتی نوێ لە کەمترین کات ، لە قۆناخی دوای هەڵبژاردن پێداگرییان کردووە.
ماڵپەڕی ڕەسمیی پارتیش لەمبارەوە ڕایگەیاند کە لەم دیدارەدا کە بە ئامادەبوونی فواد حسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوە چوو، ڕەوش و گۆڕانکارییەکانی ئەم د واییەی ئێراقیش، وتووێژی لە سەر کرا و بارزانی و عیبادی لەسەر درێژەی وتووێژەکانی دوولایەنە و هەروەها هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراق بۆ بەرەنگار بوونەوەی تیرۆر لەم وڵاتە، پێداگری کردووە و ڕایانگەیاندووە کە هەڵوێستی هەولێر و بەغدا لەم بوارە زۆر لە یەک نیزیکە.
لەلایەکی دیکەوە ماڵپەڕی سی ئێن ئێنیش بە گێڕانەوە لە سەرچاوەکانی هەواڵی خۆی ڕایگەیاند کە عەبادی و بارزانی لەم دیدارەدا سەبارەت بە هاوکاریی نێان هێزی پێشمەرگە و سوپای ئێراق ، دەستیان گەیشتووەتە ڕێککەوتنی بەرایی.