هەوڵێکی تیرۆریستی لەشاری کەرکوک کوژراوێک و دوو برینداری لێکەوتەوە
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس، بەگێڕانەوە لە سەرچاوە هەواڵییەکانی هەرێمی کوردستان، چەند خولەکی کۆتایی شەوی ڕابردوو(سێ شەممە) بۆمبێکی دانراو لەگەڕەکی "واست"ی شاری کەرکووک تەقییەوە.
پۆلیسی کەرکووک ڕایگەیاند، لەئەنجامی ئەو تەقینەوە، کەسێکی سیڤیل کوژراو دوو کەسیش بریندار بوون.
هێزە ئاسایشییەکان لێکۆڵینەوە لەبارەی ئەو تەقینەوەیان دەس پێ کردووە.
هیچ گرووپ و یان ڕێکخراوێک بەرپرسایەتی ئەو تەقینەوەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
لەچەند مانگی ڕابردوودا تەقینەوە تیرۆریستییەکان و مرۆڤ ڕفێنی لە کەرکووک بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووەو بەقسەی سەرچاوە ئێراقییەکان جم و جۆڵەکانی داعش لەناوچە باشووریەکانی پارێزگاش پەرەی سەندووە.
کەرکووک لە ئۆکتۆبری٢٠١٧ و پاش تێپەڕینی سێ ساڵ جارێکی دیکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانی حکومەتی ناوەندیی ئێراق و هێزە کوردییەکان ناچاربوون لێی بکشێنەوە.
کوردەکان، هێزە سەربازی و ئاسایشییەکانی ئێراق لەدابین کردنی ئاسایشی کەرکووک بەلاواز دەزانن و بەرپرسایەتی ناهێمنی لەو پاریزگایە دەخەنە ئەستۆی ئەوان و خوازیاری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووکن.
بەرپرسانی سەربازی و سیاسیی ئێراق تائێستا گەڕانەوەی هێزە سەربازی وئاسایشییەکانی کورد بۆ کەرکووکیان ڕەت کردۆتەوە بەڵام ڕاپۆری نافەرمیی باس لە ئەنجامگرتنی وتووێژ ودانوستان بۆ هاتنەدی ئەو بابەتە دەکا.
عەرەب وتورکمانەکان نەیارەتی خۆیان لەگەڵ ئەگەری گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ کەرکووک ڕاگەیاندووە.