کۆبوونەوەی وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لەگەڵ میحوەری وەتەنی سوننەکان
وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لەگەڵ میحوەری وەتەنی سوننەکان کۆبونەوه و جەختیان کردەوە لەسەر پێکھێنانی حکومەتی عیراق لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسی و پێشێل نەکردنی دەستوور.
وەفدی ھاوبەشی یەکێتی و پارتی لە ھەولێر لەگەڵ میحوەری وەتەنی بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر کۆبونهوەو دوای کۆبوونەوەکەش راگەیەنراوێکی ھاوبەشیان بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە لەبارەی بونیاتنانی دەسەڵاتە فیدراڵییەکان و میکانیزەکانی دروستکردنی گەورەترین کوتلە.
ههروهک جەختیان کردوهتەوە لەسەر پێویستی پێکھێنانی حکومەت لەسەر بنەمای رێککەوتنی سیاسی کە پابەندبێت بە بەڵێن و رێککەوتنەکان و تێپەڕاندنی ھەڵەکانی رابردوو پێشێل نەکردنی دەستوور.
ھەروەھا ھەردوولا گفتوگۆیان کردوه لەبارەی دەرئەنجامی نەرێنیی نەبوونی ھاوبەشی راستەقینە لەنێوان پێکھاتەکان و نەبوونی ھاوسەنگی لە دامەزراوەکانداو تەوافوقی نیشتمانی لە پرسە چارەنووسسازەکانداو پێویستی تێپەڕاندنیان و دەستوور بکرێتە مەرجەع بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.