کورد لەنێوان بەرەکانی مالیکیو عەبادی یەکلانەبوونەتەوە
کورد لەنێوان بەرەکانی مالیکیو عەبادی یەکلانەبوونەتەوەپارتیو یەکێتی مەرجیان هەیەو لایەنە ناڕازییەکان-یش بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
ماڵپەڕی شارپرێس لە راپۆرێکدا رایگەیاند ، نوری مالیکی سەرۆکایەتی لیستی دەوڵەتی یاسا، ئێستا سەرۆکایەتی بەرەیەک دەکات، بۆ دروستکردنی بەرەیەکی گەورەو پێکهێنانی هاوپەیمانییەک، کە لەدەوڵەتی یاساو لیستی فەتحو چەند لایەنێکی تر پێکهاتوون.
لەبەرانبەر ئەوەدا حەیدەر عەبادی سەرۆکی لیستی نەسر بەپشتگیری موقتەدا سەدر سەرۆکی لیستی سائیروون سەرۆکایەتی بەرەیەکی تر دەکات، کە لەلیستەکەی خۆیو سەدرو حیکمەو هاوپەیمانی نیشتمانی پێکهاتوون.
ئێستا لەبەغدا، بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق دوو بەرەی شیعەکان دروست بووە، کە هەر بەرەیەک هەوڵی ئەوە دەدەن، کە لایەنەکانی تر لەوانە لایەنە کوردییەکانو سووننییەکان بەرنە بەرەکانی خۆیان.
وەک راپۆرەکە دەڵێ ، لەبەرانبەر هەوڵی ئەو دوو بەرەیە، تائێستا لایەنە کوردییەکان خۆیان یەکلانەکردووەتەوە، بۆ چوونە ناو هاوپەیمانییەکانیان، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هەڵوێستی ئەو لایەنانە تائێستا بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو روون نییە.
پارتی دیموکراتو یەکێتی نیشتمانی، کە خاوەنی 43 کورسی پەرلەمانین، بڕیاریانداوە پێکەوە بچنە بەغداو بۆ ئەوەش پرۆژەی هاوبەشیان دەبێت، بەڵام وەک خۆیان رایانگەیاندووە، مەرجیان هەیە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانییەکانی شیعەکان.
هاوکات چوار لایەنە ناڕازییەکەش، کە لەبزووتنەوەی گۆڕانو یەکگرتووی ئیسلامیو کۆمەڵی ئیسلامیو هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیو دادپەروەری پێکهاتوونو 11 کورسی پەرلەمانیان هەیە، لەبارەی ئەو دوو بەرەییەی عێراق بێدەنگیان هەڵبژاردووە.
هەرچی جوڵانەوەی نەوەی نوێ-یە، کە خاوەنی چوار کورسی پەرلەمانی عێراقە، پێشوەختە رایگەیاندووە، کە دەچێتە ئەو بەرەیەی لەلایەن موقتەدا سەدرو حەیدەر عەبادی سەرۆکایەتی دەکرێت.