هەوڵی چوار لایەنەکەی هەرێم بۆ دروستکردنی هاوپەیمانییەک لەبەغدا
هەر چوار لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامیو کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسیو دادپەروەری، سەرقاڵی پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی سەربەخۆن بۆ بەشداریکردنیان لە پرۆسەی سیاسی عێراق.
بە پێی راپۆرتی کەناڵی سەحەر بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێمی کوردستان ، هاوپەیمانییەکە لە دەرەوەی بەرەی پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانی دەبێت، کە هەر چوارلایان وەک خۆیان بانگەشەی بۆ دەکەن کار دەکەن بۆ ئەوەی بەرەیەکی نوێ نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بکات، کە زۆرترین دەستکەوت بەدەستبهێنێت.
لەو بارەوە میدیای فەرمی ئەو لایەنانە بڵاویانکردەوە، کە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی و هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری، چوار کوچکەیەک، کە "هەر لەئێستاوە هەنگاوێکی جیاوازیان بەرەو بەغدا ناوەو دەیانەوێت بە بەرگێکی نوێ و جیاوازەوە بچنە ناو گفتوگۆکانی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت، کە دووربێت لەبەرژەوەندی شەخسی و حیزبی".
لەو بارەشەوە شۆرش حاجی، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت: "دوای وەرگرتنی بڕیاری سەرکردایەتی حیزبەکانیان، دوا بڕیار لەو ئیئتیلافە دەدەن".هاوکات محەمەد ئەحمەد ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوی ئیسلامی کوردستان دەڵێت: لەرابردوودا ئەزمونی دووبەرەی جیاوازیان هەبوو سەرکەتووش بووە دەکرێت تەنیا لەپرسە نەتەوەییەکاندا یەکە هەڵوێستبن.
هەروەها محەمەد رەئوف ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری هاوپەیمانی بۆدیموکراسی و دادپەروەری لە بارەی ئامانجی پێکهێنانی ئەو هاوپەیمانییە دەڵێت: لە پێناو بەرژوەندی خەڵکی کوردستان بیریان لەو ئیئتیلافە کردۆتەوە.
ئەم چوار هێزە سیاسییە لە دوای هەڵبژاردنی 12ی ئایارەوە زیاتر لەیەکتر نزیکبوونەوەو لەماوەی رابردووشدا چەندین کۆبوونەوەو هەڵوێستی هاوبەشیان هەبووەو لەمەودواش دەیانەوێت لەپرسە سیاسییە چارەنووسازەکاندا خاوەنی قسەی خۆیان بن.
لە رۆژانی رابردوودا دەنگوباسی جۆربەجۆر و جیاواز لە بارەی هاوپەیمانیە نوێکان بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی نوێی عێراق و بەشداری کورد تیایدا و وتووێژی یارتی و یەکیەتی لە گەڵ چوار لایەنە ناڕازایەکەی هەرێم بڵاو بووتەوە .