داواکاری لە ئۆپۆزسیۆنی هەرێمی کوردستانی ئێراق بۆ ڕەت کردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی
نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، داوای لە ڕێبەرانی ئەو بزووتنەوەو پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی دیکەی هەرێم کرد، بە جێ بەجێ کردنی ئەرکی مێژوویی خۆیان، ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیی پەرلەمانی کوردستان ڕەت بکەنەوە، چونکە بەقسەی ناوبراو ساختەکاریی زۆری تێدا کراوە.
بەپێی ڕاپۆری هەواڵدەریی کوردپرێس بەگێڕانەوە لە شارپرێس، "عەلی محەممەد ساڵح" لەپەیامێکی بۆ بزووتنەوەی گۆڕان، کۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی ئیسلامی، داوای لەو پارت و لایەنانە کرد کە وەک ئۆپۆزسیۆنی هەرێم، کاردانەوە پێشان بدەن بەوەی وا ناوبراو ناوی دەنێت ساختەکاریی بەرفراوان لە هەڵبژاردنەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان وئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنانە، ڕەت بکەنەوە.
نوێنەری بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، پێی داگرت، دوو پارتی دەسەڵاتدار لەهەرێمی کوردستان، لەو هەڵبژاردنانەدا ساختەکاریی زۆریان ئەنجام داوەو لەڕێی بەڵگەی ساختەو کەڵک وەرگرتن لە هێزە چەکدارەکانیان و هەروەها گوشار خستنەسەر هێزی چەکدار وفەرمانبەری حکومەتی، دەیان هەزار دەنگیان بەقازانجی خۆیان کۆکردۆتەوەو هاوبەشیی سەتا ٣٥ی لە سلێمانی، سەتا ٥٥ ڕاگەیاندووەو لەژمارێک لە بنکەکانیش ئاماری هاوبەشیی گەیشتووەتە سەتا ١٢٠ و ئەوە خۆی پێشاندەری گزیکاری بەرفراوانی پارتە دەسەڵاتدارەکانە.
ناوبراو لەپەیامەکەیدا وتوویەتی کە بەو حاڵەوە، پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ ئەرکێکی مێژووییدا بەرەوڕوون و دەبێ بە ڕەت کردنەوەی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و قەبووڵ نەکردنی ، لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایەدا ڕابوەستن و جێگەوشوێنی هەڵبژاردنەکان بگەڕێننەوە.