دەنگی سێ لایەنە سەرەکیەکەی هەرێم کەمیی کردووە
بەگوێرەی ئەو ئەنجامە بەراییەی کە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاندووە دەردەکەوێت هەرسێ پارتە سەرەکیەکەی هەرێم بە بەراورد بە هەڵبژارردنی 2013 ڕێژەی دەنگەکانیان کەمییکردووە.
بە پێی راپۆرتی کەناڵی سەحەری کوردی بە گێڕانەوە لە میدیاکانی هەرێم ، پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە هەردوو هەڵبژاردنەکەدا زۆرترین دەنگی بەدەستهێناوە لە هەڵبژاردنی 2013 توانیویەتی 743984 دەنگ بەدەستبهێنێت بەڵام لەهەڵبژارردنی ئەمجارەدا 595592دەنگی بەدەستهێناوە و بەو شێوەیەش دەردەکەوێت 148 هەزار و 392 دەنگ کەمیکردووە.
یەکێتی نشتیمانیی کوردستان کە لە هەڵبژاردنی 2013 دا بووە حزبی سێیەم توانی 350500 دەنگ بەدەستبهێنێت بەڵام لە هەڵبژاردنی ئەم جارەدا تەنها 287575 دەنگی بەدەستهێناوە و بەو شێوەیەش 62 هەزار و 925 دەنگ کەمیکردووە.
بزوتنەوەی گۆڕانیش کە لە هەڵبژاردنی 2013دا توانی ببێتە هێزی دووەم 476736 دەنگی بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردنەکەی ئەمجارەدا 164336 دەنگی بەدەستهێناوە و 312هەزار و 400 دەنگ کەمیکردووە.
ئەوە لەکاتێکدایە پێدەچیت دوای یەکلاییکردنەوەی سکاڵاکان هەندێک لەو ژمارانەی کە ڕاگەەیەنراون گۆڕانکارییان بەسەردا بێت و دەنگی هەندێک لایەن زیادبکات، چونکە ئەوەی تا ئێستا ڕاگەیەنراوە ڕێژەی لەسەدا 85ی دەنگەکانە.