حەشدی شەعبی ژمارێک لە ناوچەکانی شەنگالی ڕادەستی هێزی کوردی ئێزدی کرد
https://kurdish.sahartv.ir/news/کوردستانی_عێراق-i351432-حەشدی_شەعبی_ژمارێک_لە_ناوچەکانی_شەنگالی_ڕادەستی_هێزی_کوردی_ئێزدی_کرد
فەرماندەری هێزەکانی کوردی ئێزدی خۆڕاگریی شەنگال (یەبەشە) ڕایگەیاند ،کە هێزەکانی حەشدی شەعبی تا ئێستا ژمارێک لە ناوچەکانی شەنگاڵیان ڕادەستی ئەم هێزانە کردووە و لە داهاتوویشدا ناوچەی زیاتر رادەستی هێزەکانی یەبەشە دەکەن.
(last modified 2025-05-12T08:28:03+00:00 )
تشرینی یه‌که‌م 26, 2018 06:25 Asia/Tehran
  • حەشدی شەعبی ژمارێک لە ناوچەکانی شەنگالی ڕادەستی هێزی کوردی ئێزدی کرد

فەرماندەری هێزەکانی کوردی ئێزدی خۆڕاگریی شەنگال (یەبەشە) ڕایگەیاند ،کە هێزەکانی حەشدی شەعبی تا ئێستا ژمارێک لە ناوچەکانی شەنگاڵیان ڕادەستی ئەم هێزانە کردووە و لە داهاتوویشدا ناوچەی زیاتر رادەستی هێزەکانی یەبەشە دەکەن.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زەردەشت شەنگالی فەرماندەی گشتیی یەبەشە ڕایگەیاند: هێزەکانی حەشدی شەعبی ڕۆژی ١٦ی ئۆکتۆبەر گوندی تەل ئەزێریان ڕادەستی ئەنجومەنی خۆبەرێوبەری شەنگال و ئاسایشی ئێزدخان کرد، دوێنێش بە ڕاگەیەندراوێکی فەرمی سیبا شێخ خدریان ڕادەست کرد، ئەو ناوچانە بە هەوڵی هاوبەشی حەشدی شەعبی و شەڕڤانان ڕزگارکرابوون.

فەرماندەی گشتیی یەبەشە بە ڕۆژنیوزی وت: بە بڕیاری ژووری چالاکییەکانی نەینەوا، ناوچەکانی باشووری شەنگال ڕادەستی هێزەکانی ئێمە و ئەنجومەنی خۆبەڕێوبەری شەنگال کراون، ئەو ناوچانە ڕادەستی ئێمە وەک هێزێکی فەرمی سەربە حکوومەتی عێراق کراون.

ناوبراو وتیشی: ئێستا گوندەکانی تەل ئزێزر و سیبا شێخ خدر ڕادەست کراون، لە کاتی فەرمانەکەدا بەرخۆدانی گەورە لە گوندی سیبا شێخ خدر ئەنجامدرا، شەهیدی زۆر درا بۆ ئەوەی نەکەوێتە دەستی چەتەکانی داعشەوە.

زەردەشت شەنگالی باسی خۆشحاڵی خەڵک و شەڕڤانانیشی کرد و وتی: بە خوشحاڵی خەڵکی ئەو گوندانە و شەڕڤانان، هەستێکی نوێ بۆ ژیان گەڕاوەتەوە ناو خەڵک.

فەرماندەی گشتیی یەبەشە ئەوەشی خستە روو: گوندی سیبا شێخ خدر بە بەشداری شەڕڤانانی یەبەشە ڕزگارکرابوو، لە ڕزگارکردنی ئەو گوندەدا شەڕڤانێک گیانی لەدەست داوە و شەش کەسی دیکەشمان برینداربوون.

هێزەکانی خۆڕاگریی شەنگال پاش پەلاماری داعش بۆ سەر شەنگال لە  کوردانی ئێزید پێکهات بۆ بەرگری لەو ناوچەیە.