خۆشڕوو: بایکۆتەکانی ئەمریکا بازرگانیی جیھانیی تێکداوە
نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی پێنج شەممە وتی: بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا،بازرگانیی جیھانیی تێکداوە.
بە پێی ڕاپۆرتی ئیرنا، غوڵامعەلی خوشڕوو نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان لە کۆبوونەوەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان کە بۆ لێکدانەوەی بڕیارنامەی پێشنیار کراو لە بارەی کۆتایی ھێنان بە بایکۆتەکانی یەک لایەعنەی ئەمریکا دژی کوبا بەرپا کرا بوو، بە ڕاشکاوی وتی: ئێران جارێکی تر لە جەماوەرو دەوڵەتی کوبا لە بەرامبەر بایکۆتە نایاساییەکانی ئەمریکا پشتیوانی دەکات.
خۆشڕوو پێی داگرت: بایکۆت و ئاخستنی ڕێگاکانی سات و سەودای بازرگانی و دراڤیی کوبا، پێشێلکردنی بەربڵاوو ئاشکراو سیستیماتیکی مافی مرۆڤی جەماوەری کوباو جاڕنامەی ڕێکخراوەی نەتەوەکان و مافی مێونەتەوەییە و ڕێ لە ھاوکاری و ھاریکاریی نێونەتەوەیی دەگرێت.
نوێنەری ھەمیشەیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ڕێکخراوەی نەتەوەکان ھەروەھا ئاماژەی کردە ھەڵوێستی دوژمنکارانەی ئەمریکا دژی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوو لەوانە داسەپاندنی بایکۆتی ئابووریی دەگمەن دژی تاران و وتیشی: ئەمریکا داسەپاندنی بایکۆت وەک گۆپاڵێک بۆ دەست ڕاگەییشتن بە ئامانجەکانی بەکار دێنێ و خووی پێوە گرتووە.
خۆشڕوو پەیامی دانیشتنەکەی ڕۆژی پێنج شەممەی کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکانی وەک پشتڕاست کردنەوەی ھەمدیسانی بەسەرچوونی سەردەمی سیاسەتەکانی دەستوەردەرانەو خۆ ھەڵقورتاندن لە کاروباری ناوچە جۆربەجۆرەکانی جیھان لێکدایەوە.
کۆگەی گشتیی ڕێکخراوەی نەتەوەکان ڕۆژی پێنج شەممە وێڕای پەسەند کردنی بڕیارنامەیەک داوای کۆتایی ھاتنی بایکۆتەکانی یەک لایەنەی ئەمریکا دژی کوبای کرد.
ئەم بڕیارنامەیە بە ١٨٩ دەنگی تەباو سەرباری دژایەتیی ئەمریکاو ئیسرائیل پەسەند کرا.